ئێران ڕێگای نەوتی عێراقی لە هورمز داخست

١٢ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

حکوومەتی عێراق ئاشکرای کرد، بەهۆی ئەو دۆخە داراییە سەختەی بەرۆکی وڵاتەکەی گرتووە، بە فەرمی داوای لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە ڕێگە بە تێپەڕین و هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە بدات، بەڵام تاران تا ئێستا بە تەواوی داواکارییەکەی بەغدای بێوەڵام هێشتووەتەوە.
حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند، ئەم داواکارییە فەرمییەی بەغدا بە ئامانجی ڕێگریکردن بووە لە داڕمانی زیاتری دارایی و ئابووریی وڵات، بەڵام بێدەنگی و بێوەڵامیی لایەنی ئێرانی قەیرانە داراییەکەی زیاتر ئاڵۆز کردووە. عەبوودی جەختی لەوەش کردەوە کە ئابووریی عێراق کەوتووەتە ژێر گەمارۆیەکی قورسەوە و لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەییشدا هیچ لایەنێک کارئاسانی بۆ هەناردەکردن و هەناردەکردنەوەی نەوتەکەی ناکات.
داخستن و پەکخستنی هاتوچۆی کەشتییە نەوتییەکان لە گەرووی ستراتیژیی هورمز، کە شاڕەگی سەرەکیی هەناردەی نەوتی خاوی عێراقە بۆ بازاڕەکانی جیهان، داهاتی گشتیی وڵاتەکەی خستووەتە بەردەم مەترسییەکی گەورەوە؛ بە تایبەت کە بەغدا بۆ پڕکردنەوەی خەرجی و مووچەی مانگانە زیاتر لە 90% پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت.