پەلاماردانی ڕیاز هاوپەیمانییە بەرگرییەکەی هێنایە دەنگ

١٢ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

هەریەک لە وڵاتانی تورکیا، پاکستان، میسر و عەرەبستانی سعوودیە لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا هێرشەکانی حووسییەکانی یەمەنیان بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ڕیاز بە توندی شەرمەزار کرد و بە «هەڵکشانێکی مەترسیدار» بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی نێودەوڵەتی وەسفیان کرد.
دەسەڵاتدارانی سعوودیە پشتڕاستیان کردەوە کە ڕۆژی یەکشەممە لە نوێترین هێرشدا بۆ سەر فڕۆکەخانەی ڕیاز کەسێک کوژراوە و نزیکەی 12 کەسی دیکەش بریندار بوون، ئەمەش دوای ئەوە هات کە حووسییەکان بانگەشەی ئەوەیان کردبوو ڕۆژێک پێشتر بەهۆی هێرشێکی هاوشێوەوە 13 کەس کوژراون و زیاتر لە 300 کەسی دیکەش بریندار بوون. لە بەیاننامە چوارقۆڵییەکەدا جەخت کراوەتەوە کە حووسییەکان بەرپرسیاری تەواوی ئەم هێرشانە و لێکەوتەکانیانن، هاوکات پشتیوانیی ڕەهای خۆیان بۆ هەر هەنگاوێکی سعوودیە بە مەبەستی پاراستنی خاک و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی هەڕەشەکان دەربڕی و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەو پەلامارانەیان کرد.
ئەم کاردانەوەیە لە کاتێکدایە کە لە مانگی ئابی ڕابردوودا، تورکیا و پاکستان لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکدا ڕێککەوتنێکی بەرگریی هاوبەشیان لەگەڵ سعوودیە واژۆ کرد کە بەپێی بەندەکانی، هەر پەلامارێک بۆ سەر لایەنێک وەک هێرش بۆ سەر تەواوی لایەنەکان هەژمار دەکرێت. لەم بارەیەوە، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی هەڵسەنگاندن بۆ چۆنیەتیی پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ ڕیاز دەکات، بەڵام جێگیرکردنی سەرباز یان بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنی هێرشبەری ڕەتکردەوە؛ هاوکات بەپێی زانیارییەکان چاوەڕوان دەکرێت پەرلەمانی تورکیا لە ڕۆژانی داهاتوودا بە فەرمی ڕێککەوتننامە بەرگرییە هاوبەشەکە پەسەند بکات بە مەبەستی چڕکردنەوەی پشتیوانییە سەربازی و تەکنیکییەکان بۆ سعوودیە و پاراستنی کەشتیوانی لە دەریای سووردا.