١٢ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٦
لە نوێترین پەرەسەندنی قەیرانی نێوان واشنتن و تاران، موحسین ڕەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە هەڕەشەی کرد کە لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی هەر پێکدادانێکی سەربازیدا، سوپای وڵاتەکەی کێبڵە دەریاییەکان، سەنتەرەکانی داتا و دامەزراوەکانی ژیریی دەستکرد لە سەرانسەری ناوچەکەدا دەکاتە ئامانج.
ڕەزایی ئاماژەی بەوە کرد کە تاران دوایین وەڵامی ئەمریکای سەبارەت بە پێشنیازی کۆتاییهێنان بە شەڕ بە «ناتەواو» هەژمار کردووە؛ جەختیشی کردەوە کە واشنتن تەنها لەگەڵ بەشێک لە حەوت مەرجەکەی ئێراندا هاوڕا بووە و مەرجەکانی دیکە بە ناڕوونی ماونەتەوە، بۆیە ئێران هیچ وەڵامێکی دیکە ناداتەوە تا ئەو کاتەی لایەنی ئەمریکی هەڵوێستی خۆی بە تەواوی ڕوون دەکاتەوە.
ئەم لێدوانە توندانەی تاران هاوکاتە لەگەڵ کۆبوونەوە و ڕاوێژە ئەمنییەکانی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دوابەدوای لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان. بەپێی زانیارییەکانی کەناڵی 13ی ئیسرائیل، هێشتا بڕیاری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان نەدراوە بەڵام هاوئاهەنگیی تەلئەبیب لەگەڵ سوپای ئەمریکا بەردەوامە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاشکرای کردبوو ترەمپ داوای لە پێنتاگۆن کردووە پلان بۆ ئۆپەراسیۆنێکی چڕوپڕی 3 ڕۆژە دژی پێگەکانی ئێران دابڕێژێت.
ململانێی سەربازیی نێوان ئێران و بەرەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ساڵی 2026دا و دوای هێرشە مووشەکییەکان و جەنگە 40 ڕۆژەکە گەیشتووەتە ئاستێکی هەستیار؛ هەڕەشە نوێیەکانی تاران بۆ پەکخستنی کێبڵ و ژێرخانی تەکنەلۆژیای ناوچەکە ئاماژەیە بۆ ئەوەی لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ، ئاستی ڕووبەڕووبوونەوەکان سنوری ئاسایی سەربازی تێدەپەڕێنێت.
