٩ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٦
فەرەنسا لەژێر شەپۆلی ناڕەزایەتیی خوێندکاراندایە بەڵێنی دامەزراندنی 3 هەزار مامۆستا ناڕەزایەتییەکانی هێور نەکردەوە
شەپۆلێکی بەرفراوانی خۆپیشاندانی خوێندکارانی ئامادەیی و زانکۆکان فەرەنسای گرتووەتەوە و گرژییەکان لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا گەیشتوونەتە لوتکە. خۆپیشاندەران داوای زیادکردنی بودجەی کەرتی پەروەردە، نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان، کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی خوێندن و باشترکردنی ڕەوشی ناوەندەکانی خوێندن دەکەن، هاوکات بڕیاری حکومەت بۆ دامەزراندنی بەپەلەی 3 هەزار مامۆستاش نەبووەتە هۆی هێوربوونەوەی شەقام.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا، تەنها لە ڕۆژی پێنجشەممەدا زیاتر لە 71هەزار و 500 کەس لە سەرانسەری وڵاتدا ڕژاونەتە سەر شەقامەکان، کە 24 هەزار و 500 کەسیان لە پاریسی پایتەخت بوون و لەو چوارچێوەیەشدا زیاتر لە 500 کەس دەستگیرکراون. ئاڵۆزییەکان لە کاتێکدایە کە لە ڕێکەوتی 28ی ئەیلوولەوە تا ئێستا، 6 هەزار و 629 کەس دەستبەسەر کراون، هاوکات 215 خوێندکار، 89 مامۆستا و ٧٦١ کارمەندی پۆلیس بریندار بوون. توندوتیژییەکانی پۆلیس و بەکارهێنانی بۆمبی دەنگی کە بووەتە هۆی پەڕینی دەستی مێرمنداڵێک و شکانی شەوییلەی مێرمنداڵێکی دیکە، ڕەخنەی توندی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی لێکەوتووەتەوە.
لە بەرامبەر فراوانبوونی ناڕەزایەتییەکان و داخرانی 375 قوتابخانە، ئێدوار جیفرای وەزیری پەروەردەی فەرەنسا ڕایگەیاند کە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا 3 هەزار مامۆستای نوێ ڕەوانەی ناوەندەکانی خوێندن دەکرێن و بەم زووانەش چەند سەد مامۆستایەکی دیکەش دادەمەزرێنرێن. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکان داوای ڕۆژێکی نوێی مانگرتن و ناڕەزایەتییان لە ڕۆژی سێشەممە 13ی تشرینی یەکەم کردووە و ڕایانگەیاندووە تا بەدەستهێنانی تەواوی داواکارییە کردارییەکانیان لە شەقامەکان ناکشێنەوە؛ ئەمەش گوشارێکی قورسی لەسەر حکومەتەکەی ئیمانوێل ماکرۆن پێش هەڵبژاردنەکانی نیسان دروست کردووە.
