مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی زەوی قەدەغە دەکرێت

٨ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

شەپۆلی مامەڵەکردن و ساغکردنەوەی کارتەکانی زەوی لە هەولێر، کاردانەوەی توندی شارەوانیی لێکەوتەوە. سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر هێڵی سووری بەڕووی ئەو بازاڕەدا کێشا کە لە دەوری زەویی بەخشراوی فەرمانبەران دروست بووە، و بە ڕوونی ڕایگەیاند کە هەر کڕین و فرۆشتنێک پێش تەواوبوونی مامەڵەی تاپۆ ئەنجام بدرێت، هیچ بەهایەکی یاسایی نییە و مەترسیی لەدەستچوونی مافەکانی لەسەرە.

ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە دەستبەجێ لەگەڵ دابەشکردنی وەجبەکانی زەوی، بەشێک لە فەرمانبەران لە ڕێگەی نێوەندگیر و نووسینگەکانی خانووبەرەوە دەستیان بە فرۆشتنی مافەکانیان کرد بە شێوازی «کارت». شارەوانی هۆشداریی داوە کە ئەم هەنگاوە سەرکێشییەکی مەترسیدارە و سەر دەکێشێت بۆ کێشەی کۆمەڵایەتی و ئاڵۆزیی یاسایی، چونکە موڵکدارییەکە هێشتا لە فەرمانگەی تاپۆ جێگیر نەبووە. هاوکات پەیامێکی توند ئاراستەی نووسینگەکانی کڕین و فرۆشتن کراوە کە بەشداریکردن لەم جۆرە گرێبەستانە بەرپرسیارێتیی ڕاستەوخۆ دەخاتە ئەستۆیان و سزای یاسایی توندی لێدەکەوێتەوە.

لە ڕووی مەیدانیشەوە، شارەوانی ڕەوتی دابەشکردنی پارچە زەوییەکانی خستووەتەڕوو؛ لە کۆی 82 هەزار فەرمانبەری شایستە لە نێو سەنتەری هەولێردا، تا ئێستا لە هەشت کارواندا 55 هەزار کەسیان زەوییان بەردەکەوێت و تۆمار کراون، هاوکات ئامادەکارییەکان بۆ پڕکردنەوەی پشکی ئەوانەی ماونەتەوە لە کاروانەکانی داهاتوودا چڕکراونەتەوە.