هەرێم و بەغدا ڕێنەکەوتن

٧ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، گفتوگۆکانی تایبەت بە پڕۆژە یاسای بودجەی 2027 بەردەوامن و هێشتا حکومەتی هەرێم و بەغدا لەسەر پشکی بودجە، نەوت و داهاتە نانەوتییەکان نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن.

 

دیلان غەفوور، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ فالح ساری وەزیری دارایی، ڕایگەیاند، سێ خاڵی ناکۆکیی سەرەکی لەنێوان هەردوولادا هەن:

یەکەم: ڕێژەی پشکی هەرێمە لە بودجە، کە هەرێم داوای 14.14% دەکات لەسەر بنەمای دوایین سەرژمێری، بەڵام بەغدا بە 12.7% دیاری کردووە دوای دەرکردنی ئاوارەکان، خاوەن ئیقامەکان و ئەو کەسانەی ڕەگەزنامەیان پێدراوە.

دووەم: پرسی نەوت، کە بەغدا داوای ڕادەستکردنی ڕۆژانەی 400 هەزار بەرمیل دەکات، بەڵام هەرێم داوای 250 یان 280 هەزار بەرمیل دەکات هاوشێوەی ڕێککەوتنەکانی پێشوو. 

سێیەم: داهاتی باج و گومرگ، کە بەغدا بە پشتگیریی تەفسیری ئەنجومەنی دەوڵەت بە داهاتی سیادی دادەنێت، لە کاتێکدا هەرێم بە داهاتی ناسیادی لە قەڵەمیان دەدات.

هاوکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە کە بە مەبەستی گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لەسەر شایستە دارایی و نەوتییەکان لە بودجەی 2027، شاندێکی باڵای دانوستانکار بە سەرۆکایەتیی بەرپرسانی ئەنجومەنی وەزیران و بە بەشداریی نوێنەرانی وەزارەتەکانی دارایی، سامانە سروشتییەکان و پێشمەرگە سەردانی بەغدا دەکەن بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی فەرمی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵی.

ئەم گفتوگۆیانە لە کاتێکدان کە پێشتریش پەیوەستکردنی بەشەبودجەی هەرێم بە خەرجیی ڕاستەقینە کێشە و گرفتی لە ناردنی شایستە دارایییەکان دروست کردبوو.