نەوت بەربەستی 100 دۆلاری بەزاند

٦ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

بازاری جیهانیی وزە لە نێوان کێشە ئەمنییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕێکارە فریاگوزارییەکاندا هاوسەنگی ڕاگرتووە، لە کاتێکدا نرخی نەوتی خاو ڕێڕەوێکی بەرزبوونەوەی نوێی تۆمار کرد و بەرمیلێک برێنت بەربەستی 100 دۆلاری تێپەڕاند. 

مامەڵەکانی بۆرسە دەریخستووە کە نەوتی برێنت بە کەمێک بەرزبوونەوە گەیشتە 100.59 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک و نەوتی تەکساسیش لە ئاستی 89.73 دۆلار جێگیر بوو. 

ئەم ئاستە لە نرخ لە کاتێکدایە کە جموجۆڵی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت سعوودیە چالاکییەکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، بە جۆرێک ڕێژەی گواستنەوە لە کەنداوەوە بە ئاڕاستەی کیشوەری ئاسیا گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی و دابینکردنی 81%ی خواستی پێش سەرهەڵدانی گرژییەکان مسۆگەر دەکات، هەرچەندە هەناردەی نەوتی ئێران لەژێر کاریگەریی گەمارۆکانی واشنتندا ڕاگیراوە.

 هاوکات لەگەڵ مەترسیی کەمبوونەوەی کۆگاکان لەژێر سێبەری نائارامییەکاندا، وڵاتانی گرووپی حەوت لە هەنگاوێکی خێرادا پەنایان بردە بەر ئازادکردنی 100 ملیۆن بەرمیل لە نەوت و گازۆیلی یەدەگی دەوڵەتەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخەکان. 

ئەم بڕیارە و بەڵێنی دانەنانی هیچ کۆتوبەندێک لەسەر جووڵەی فرۆشتنی سەرچاوەکانی وزە، دوای فشارە دیپلۆماسی و ئابوورییەکانی دۆناڵد ترەمپ دێت، بە ئامانجی هێورکردنەوەی شەپۆلی نیگەرانییەکان لەسەر ئاسایشی کەشتیوانی و وزەی جیهانی.