ماوەی بەسەرچونی باڵانسی مۆبایل درێژ دەکرێتەوە

١ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

 لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق، لە میانی میوانداریکردنی سەرۆکی دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن، ڕەخنەی توندی لە کورتکردنەوەی ماوەی کارایی باڵانس لەلایەن کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردنەوە گرت و داوای کرد ماوەکەی زیاد بکرێت.

سەرۆکی لیژنەکە ڕایگەیاند، باڵانس مافێکی دارایی ڕەوای هاووڵاتییانە و نابێت کۆمپانیاکانی مۆبایل بە بیانووی تەواوبوونی 28 ڕۆژ باڵانسەکە بسووتێنن یان ڕایبگرن، هەروەها وەرگرتنی پارەش بۆ کاراکردنەوەی هێڵەکان نایاساییە. 

لەو چوارچێوەیەشدا لیژنەکە داوای لە دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن کرد کە سەرجەم کۆمپانیاکان ناچار بکات ماوەی بەسەرچوونی باڵانس بۆ 3 تا 5 مانگ درێژ بکەنەوە، تا لەگەڵ باری دارایی هاووڵاتییانی کەمدەرامەتدا بگونجێت.

 سەرۆکی لیژنەکە هۆشداریشی دا کە خاوەندارێتیی سیمکارت بە ناوی بەشداربووانەوە هێڵی سوورە و بە هیچ جۆرێک ڕێگە نادرێت لە دەرەوەی ڕێکارە یاساییەکان هێڵ بسڕدرێتەوە یان بە کەسێکی تر بفرۆشرێتەوە.