٣٠ ئەیلوولی ٢٠٢٦
فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی «فلای دوبەی» کە لە ئیماراتەوە بەرەو ئیسرائیل بەڕێکەوتبوو، ئەمڕۆ چوارشەممە بە ناچاری لە خاکی سعوودیە نیشتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ڕووداوەکە مەترسیی ڕفاندنی فڕۆکەکە لەپشتەوەبوو و بووە هۆی ئەوەی ئیسرائیل فڕۆکە جەنگییەکانی بخاتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە ولەڕێی ئاسمانەوە چاودێری فڕۆکەکە بکەن.
میدیاکانی ئیسرائیل لە زاری بەرپرسانی ئەمنییەوە ئاشکرایان کرد، ڕووداوەکە پەیوەندی بە دەمەقاڵێ و ناکۆکیی نێوان هەردوو فڕۆکەوانەکەوە هەبووە، هەروەها سەرجەم سەرنشینانی نێو فڕۆکەکە سەلامەتن.
فڕۆکەکە لە شاری تەبووک لە بنکەیەکی مەدەنی و سەربازیی ئەو وڵاتە نیشتووەتەوە، بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی چاودێریی فڕین «فلایت ڕادار 24»، فڕۆکەکە زەنگی ئاگادارکردنەوەی لەناکاوی لێداوە، نزیکەی دوو کاتژمێر دوای فڕینی لە دوبەیەوە، لە ماوەی تەنها یەک خولەکدا بەرزییەکەی لە 33 هەزار پێوە بۆ 17 هەزار پێ دابەزیوە و دوای خولانەوەیەکی نائاسایی لە نزیک سنووری ئوردن.
دوای کاتژمێرێک لە فڕۆکەخانەی تەبووک نیشتووەتەوە و بەرپرسێکی هەرێمیی کە لە وردەکاریی ڕووداوەکە ئاگادار کراوەتەوە ڕایگەیاند، پێکدادان لە ژووری سەرکردایەتیکردنی فڕۆکەکە (کۆکپیت) ڕوویداوە و بە ڕوونی فڕۆکەوانەکان تێیدا بەشدار بوون، بەڵام تا ئێستا هۆکاری سەرەکیی هەڵگیرسانی ئەو شەڕە ئاشکرا نەبووە.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە فەرمییەکاندا وتە لە تەواوی دەستەی کارمەندانی فڕۆکەکە وەرگیراوە، بێ ئەوەی ڕوونی بکاتەوە کە ئایا کەس لەسەر ڕووداوەکە دەستبەسەر کراوە یاخود نا.
لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی ئیسرائیلی ئەوەی خستەڕوو کە وڵاتەکەی گومان دەکات ئەم ڕووداوە هەوڵێک بووبێت بۆ بەئامانجگرتنی هاووڵاتییانی ئیسرائیلی، بەڵام لێکۆڵینەوەکان لەسەر ڕاستیی بابەتەکە هێشتا بەردەوامن.
بەرپرسێکی دیکەی ئاگادار لە دۆسیەکە پشتڕاستی کردەوە کە ئیسرائیل فڕۆکە جەنگییەکانی بەهۆی ترس لە ڕفاندنی فڕۆکەکە خستووەتە ئامادەباشییەوە، بەو پێیەی دەیان هاووڵاتیی ئیسرائیلی لەنێویدا بوون ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ هۆشدارییەکانی ئەم دواییەی بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەبارەت بە مەترسییە ئەمنییە چاوەڕواننەکراوەکان.
سەرجەم ئەو سێ بەرپرسە بە مەرجی ئاشکرانەکردنی ناویان لێدوانیان داوە، چونکە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە هێشتا تەواو نەبووە.
لەو چوارچێوەیەشدا نووسینگەی نەتەنیاهو ڕایگەیاند کە دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە و کار لەسەر گەڕاندنەوەی سەرنشینەکان دەکەن بۆ ئیسرایل.
هەرچەندە نیشتنەوەی لەناکاو بەهۆی کێشەی کارمەندان دەگمەنە، بەڵام پێشینەی هەبووە، وەک ڕووداوەکەی ساڵی 2022 کاتێک دوو فڕۆکەوانی هێڵی فەڕەنسی بەهۆی شەڕکردن لە کاتی گەشتێکی جنێف بۆ پاریس سڕ کران، بەڵام ئەو گەشتە ڕێڕەوەکەی نەگۆڕی و بە ئاسایی نیشتەوە.
هاوکات، چەند سەرنشینێک لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بۆ کەناڵی دوانزەی ئیسرائیلی باسیان لەوە کرد کە گوێیان لە دەنگی هاوار بووە لە ڕیزەکانی پێشەوەی فڕۆکەکە بەهۆی دەمەقاڵێی نێوان فڕۆکەوانەکان، دواتر فڕۆکەکە بە خێرایی و بە شێوازێکی مەترسیدار نزم بووەتەوە بەر لەوەی لە خاکی سعوودیە بنیشێتەوە.
کۆمپانیای «فلای دوبەی» لە ڕاگەیەندراوێکدا پشتڕاستی کردەوە کە گەشتی «ئێف زێد 1073» کە بەرەو فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن لە ئیسرائیل دەڕۆیشت، تووشی ڕووداوێکی لەناکاو بووە و ئەمڕۆ ڕۆژی چوارشەممە بە سەلامەتی لە فڕۆکەخانەی تەبووک لە سعوودیە نیشتووەتەوە.
کۆمپانیاکە جەختی لەوە کردەوە کە تیمەکانیان لە هەماهەنگییدان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و لەگەڵ دەستکەوتنی زانیاریی پشتڕاستکراوەی زیاتر، ڕاگەیەندراوی نوێ بڵاودەکەنەوە.
داتاکانی چاودێریی فڕین دەریانخستووە کە فڕۆکەکە لە جۆری «بۆینگ 737 ماکس 8» بووە و کۆمپانیای فلای دوبەی بە بەشی تێچوو-کەمی کۆمپانیای ئیمارات دادەنرێت هاوکات لە دوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی 2020، ئیمارات بووەتە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی گەشتیاری بۆ هاووڵاتییانی ئیسرائیلی، تەواوی کەشتیگەلی فلای دوبەی پشت بە مۆدێلە جیاوازەکانی فڕۆکەی دوو بزوێنەریی بۆینگ 737 دەبەستێت کە لە سەرانسەری جیهاندا بەکاردەهێنرێت و کۆمپانیاکە خاوەنی نزیکەی 100 فڕۆکەیە لەم جۆرە، لەنێویاندا 69 فڕۆکەیان لە مۆدێلی ماکس هەشتە.
فڕۆکەکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دوبەیەوە فڕیبوو، فڕۆکەخانەیەک کە قەرەباڵغترین ناوەندی ئاسمانیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و لەسەر ئاستی جیهانیش گەورەترینە لە گەشتە نێودەوڵەتییەکاندا، بە جۆرێک ساڵی ڕابردوو ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار کرد و پێشوازی لە 95 ملیۆن و 200 هەزار گەشتیار کرد.
لە دەیەکانی 1960 و 1970، هاووڵاتییانی ئیسرائیلی ڕووبەڕووی زنجیرەیەک کردەوەی ڕفاندن و پەلاماری سەر فڕۆکەکان بوونەوە لەلایەن چەکدارە فەلەستینییەکانەوە، هەرچەندە ماوەی چەندین دەیەیە هیچ ڕووداوێکی ڕفاندنی فڕۆکە لە ئیسرائیل تۆمار نەکراوە، بەڵام ئەو وڵاتە توندترین ڕێوشوێنی ئەمنیی فڕۆکەوانی لەسەر ئاستی جیهان جێبەجێ دەکات لەوانەش پشکنینی زۆر ورد و توند بۆ ئەو گەشتانەی کە ڕوو لە فڕۆکەخانەکانی دەکەن.
هاوکات لە دوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی 2020، گەشتە ئاسمانییە بازرگانییەکان بە بەردەوامی لە نێوان ئیسرائیل و ئیمارات ئەنجام دەدرێن.
