٣٠ ئەیلوولی ٢٠٢٦
لە میانی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاشتی، بۆردومانەکانی مۆسکۆ لە ئۆکرانیا هەشت قوربانیی لێکەوتەوە.
لەگەڵ نوێبوونەوەی داواکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکەکانی سوپای ڕووسیادا بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا، لە میانی ئەو هێرشەدا هەشت هاووڵاتیی مەدەنی کوژران، ئەمەش لە کاتێکدایە داگیرکارییەکانی مۆسکۆ ماوەی چوار ساڵ و نیوە بەردەوامە.
ئیهۆر ڤیهیڤسکی، وەزیری ناوخۆی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، هێرشێک بۆ سەر پارێزگای خارکیڤ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵات، بووە هۆی کوژرانی شەش کرێکاری کەرتی کشتوکاڵ و برینداربوونی ١٢ کەسی دیکە.
هاوکات لە کیێڤی پایتەختدا لە هێرشێکی دیکەدا گیانلەدەستدانی پیاوێک و ژنێکی لێکەوتەوە، لە شاری بەندەریی ئۆدیساش لە باشووری وڵات بۆردومانێکی چڕ تۆمار کراوە.
لە بەرامبەردا، ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە وتارێکدا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد لە ڕێگەی سەپاندنی سزای ئابووری و قەدەغەکردنی بازرگانییەوە سەرچاوەی داهاتەکانی ڕووسیا وشک بکەن، تا دەسەڵاتدارانی مۆسکۆ لەو پارەیە بێبەش بکرێن کە بۆ درێژەدان بە جەنگ بەکاری دەهێنن.
ئەمەش بەردەوامیی ئەو گوشارانەیە کە سەرکردەکانی جیهان بۆ پاشەکشەپێکردن بە خواستەکانی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەیگرنەبەر.
سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماسییە چڕەکانی چەند ساڵی ڕابردوو، هیچ ئاماژەیەکی ڕوون بۆ دەرچوون لە چەقبەستوویی ئەم جەنگە لە ئارادا نییە، ئەو جەنگەی کە پاشکەوتە و کاریگەرییە نەرێنییەکانی گەیشتووەتە سەر ئاسایشی خۆراک و وزەی جیهان، ئەمەش پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و وڵاتانی ڕۆژئاوای بە تەواوی ئاڵۆز کردووە.
لە ڕووی هەڵوێستە سیاسییەکانیشەوە، لە دوای داواکارییەکەی ئۆکرانیا بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی سەرتاسەری و بێمەرج، دمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملین) پێداگریی وڵاتەکەی دووپات کردەوە و ڕایگەیاند کە ئەوان تەنها پێشوازی لە ڕێککەوتنێکی ئاشتیی هەمەلایەنە دەکەن، نەک تەنها ڕاگرتنێکی کاتی لە شەڕ و پێکدادانەکاندا.
دمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند:" ئێمە پێمانوایە کە پێویستە بەدوای ئاشتیدا بگەڕێین، نەک ئاگربەستێکی کاتی"، ئەمەش لە کاتێکدایە کە مەرجەکانی مۆسکۆ بەتایبەت دەستبەرداربوونی ئۆکرانیا لە خاکەکەی، لە لایەن دەسەڵاتدارانی کیێڤەوە بە تەواوی ڕەتکراوەتەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە چەند مانگی ڕابردوودا جەنگی ئاسمانیی نێوان هەردوو وڵات گەیشتووەتە ئاستێکی نوێ، ڕووسیا بە بەردەوامی بە مووشەکی کرووز، بالیستیک، بۆمبی بەهێزی زیرەکی هەڵفڕیو و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بە بزوێنەری جێت هێرش دەکاتە سەر ئۆکرانیا، لە بەرامبەریشدا فڕۆکە بێفڕۆکەوانە دوورمەوداکانی ئۆکراینا پاڵاوگەکانی نەوت و ئەو دامەزراوە ئابوورییانە دەکەنە ئامانج کە بڕبڕەی پشتی داهاتی مۆسکۆ پێکدەهێنن.
لەگەڵ ئەوەشدا، لەسەر زەمین و لە درێژایی هێڵی پێشەوەی بەرەکانی شەڕ لە ڕۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیا کە نزیکەی هەزار و 250 کیلۆمەتر درێژ دەبێتەوە، لە ساڵی ڕابردووەوە هیچ گۆڕانکارییەکی گەورە لە نەخشەی مەیدانیدا ڕووی نەداوە، چونکە بەکارهێنانی ژمارەیەکی زۆر و بێشوماری فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە لایەن هەردوولاوە، جموجۆڵی سەربازیی بە تەواوی سنووردار و قورس کردووە.
