٢٩ ئەیلوولی ٢٠٢٦
سەرۆکوەزیرانی عێراق: 30ـی ئەیلوول وەک دوا وادە دادەنێێن بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتیی ئەمریکا و کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانیان لە عێراق، وادەیەکی نەگۆڕ و یەکلاکەرەوەیە
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، ئەم لێدوانانەی سەرۆکوەزیران لە ڕۆژی چوارشەممە و لە دوای کۆبوونەوەی ناوبراو هاتووە لەگەڵ ژەنەڕاڵ "براد کوپەر"،فەرماندەی سێتکۆم (فەرماندەییی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا).
هاوکات، کشانەوەی ئەم هێزانە بە مانای کۆتاییهاتنی ئەو بوونە سەربازییە دێت کە لە ساڵی 2003ـوە بە هێرشی هاوپەیمانان و بە ڕابەرایەتیی ئەمریکا بۆ سەر ڕژێمی سەدام حوسێن دەستی پێکرد، پێشتریش لە ساڵی 2024، واشنتن و بەغدا ڕێککەوتبوون لەسەر قۆناغ بە قۆناغی کەمکردنەوە و کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەرتەسکترەکانی هاوپەیمانان دژی گرووپی چەکداریی داعش.
لە ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە،٣٠ی ئەیلوول وادەی نەگۆڕ و کۆتایی دەبێت بۆ تەواوبوونی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق و کۆتاییهێنان بە چوونەدەرەوەی سەرجەم هێزەکانیان.
ئاماژەی بەوەشکردووە: (1ـی تشرینی یەکەم وەرچەرخانێکی نوێ دەبێت لە مێژووی عێراقدا، چونکە وڵاتەکە لە هەر بوونێکی سەربازیی بیانی پاک دەبێتەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە بەیاننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە خستنەژێردەستی تەواوی چەک لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا، مەرجێکی سەرەکی و بنەڕەتییە بۆ هەنگاونانی عێراق بەرەو قۆناغێکی نوێی گەشەپێدان و ئاوەدانی.
هەریەکە لە زەیدی و کوپەر جەختیان لەوە کردووەتەوە کە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەچێتە قۆناغێکی نوێوە بۆ هاوکاریی ئابووری و ئەمنی لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەروەریی خاکی هەردوولا و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.
بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسی ڕاگەیاندووە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشبینی دەکات تاوەکو 30ـی ئەیلوول کشانەوەی هێزەکانی تەواو بکات، بەڵام ڕەتی کردەوە ژمارەی ئەو سەربازانە ئاشکرا بکات کە لە عێراق ماونەتەوە، یاخود شوێنی نوێی جێگیرکردنەوەیان دیاری بکات.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و عێراق و هاوبەشەکانی هاوپەیمانان سەرکەوتنی گەورەیان لە تێکشکاندنی داعشدا بەدەستهێناوە، لە ئێستاش بەدواوە هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە هەماهەنگی پێشمەرگە و دامەزراوە ئەمنییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیشەوە ڕابەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان لە عێراق دەکەن ساڵی ڕابردوو هێزەکانی ئەمریکا لە زۆربەی بنکە سەربازییەکانی ناوچەکانی تری عێراق کشانەوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بوونی خۆیان پاراست.
لە دوای 28ـی شوبات و دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، بنکەکانی ئەو هێزانە لە هەرێم بە بەردەوامی ڕووبەڕووی هێرش بوونەتەوە و لە ڕوانگەی مێژووییەوە، ئامادەیی سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق لە ساڵی 2007 و لە ترۆپکی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداراندا، گەیشتە زیاتر لە 170 هەزار سەرباز.
لە کانوونی یەکەمی 2011دا، دوا یەکەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا خاکی عێراقیان بەجێهێشت. بەڵام لە ساڵی 2014 و لەگەڵ سەرهەڵدانی گرووپی داعش و کۆنترۆڵکردنی رووبەرێکی بەرفراوان لە خاکی عێراق و سووریا، لەسەر داواکاری و بانگهێشتی فەرمیی حکوومەتی عێراق، هێزەکانی ئەمریکا جارێکی دیکە گەڕانەوە و پاش ئەوەی داعش دەسەڵاتی بەسەر ئەو ناوچانەدا لەدەستدا کە کۆنترۆڵی کردبوون، ئۆپەراسیۆنە سەربازییە سەرەکییەکانی هاوپەیمانان لە ساڵی 2021 کۆتاییان پێهات.
