٢٠ ئەیلوولی ٢٠٢٦
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران: ڕەخنەی توندی لەو لایەنانە دەگرین کە وڵاتەکەمان بەرەو "جەنگێکی بێکۆتا" دەبەن و تاران لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە پەیام و مەرجەکانی خۆی ئاراستەی ئەمەریکا کردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 20ـی ئەیلوولی 2026، محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە وتارێکدا لە پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، هەندێک لایەن باس لە جەنگ دەکەن بێ ئەوەی هیچ ئاسۆ و میکانیزمێکیان بۆ کۆتاییهێنانێکی بەهێز پێبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم جۆرە تێڕوانینە کە هەر جۆرە گفتوگۆ و دیپلۆماسییەک ڕەتدەکاتەوە بێ لەبەرچاوگرتنی تواناکان، وڵات بەرەو داڕمان و جەنگێکی بێکۆتا دەبات و دەڵێت:" پێویستە هەم بجەنگین و هەم دانوستان بکەین".
دەشڵێت، پەیام و مەرجەکانیان بەڕوونی لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە گەیاندووەتە بەرامبەرەکەیان و هۆشداریشیدا کە تا مەرجە پێشوەختەکانی ئێران جێبەجێ نەکرێن، هیچ دەروازەیەک نییە بۆ گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشووی دانوستانەکان و کردنەوەی گەرووی هورمز. ئەمەش لەکاتێکدایە،
ڕۆژی ڕابردوو موحسین ڕەزایی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ڕایگەیاندبوو، تاران لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانی قەتەر و پاکستانەوە مەرجەکانی خۆی بۆ دانوستان گەیاندووەتە ئەمەریکا و لە ئێستادا "چاوەڕوانی وەڵامی ترەمپ" دەکەن.
