مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەشدەکرێت

١٩ ئەیلوولی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

وەزارەتی دارایی خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی مامۆستایانی گرێبەست و فەرمانبەرانی نوێ ڕادەگەیەنێت.

ئەمڕۆ شەممە 19ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خشتەی نوێی دابەشکردنی مووچەی ڕاگەیاند و تێیدا جەخت لەوە کراوەتەوە، که لە هەفتەی داهاتوودا مووچەی مامۆستایانی گرێبەست و چەند چینێکی تری فەرمانبەران دابەش دەکرێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ڕۆژی دووشەممە (21ـی ئەیلوول)، پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی مامۆستایانی گرێبەست لە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەست پێ دەکات و پرۆسەکەش تا ڕۆژی پێنجشەممە (24ـی ئەیلوول) بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی سەرجەمیان شایستە داراییەکانیان وەربگرن.

هاوکات، وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەداوە، که دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەش دەکرێت کە لە دوای (1ـی تەممووزی 2024) بە شێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێم دامەزراون و شایستە داراییەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ خەرج دەکرێت.