دوا بڕیار لەبارەی وادەی دەستپێکردنەوەی خوێندنەوە

١٧ ئەیلوولی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

وەزیری پەروەردە: پرۆسەی خوێندن هیچ دواکەوتنێک بەخۆوە نابینێت و بڕیارە ڕۆژی 20ـی ئەیلوول وەک یەکەم ڕۆژی دەوامی فەرمی لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەست پێ بکات.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، کۆمەڵێک بڕیار و پێشاتی گرنگی سەبارەت بە دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن و دۆخی مامۆستایان ڕاگەیاند و کۆتایی بە دەنگۆکانی دواخستنی دەوام هێنا.

ئاماژەی بەوەشکرد، که‌ به‌پێی ماددەی 114ـی دەستوور، هەرێمی کوردستان خاوەنی دەسەڵاتی تایبەت بە خۆیەتی لە بواری پەروەردە و بەڕێوەبردنیدا، و ئەو بڕیارانەی حکومەتی عێراق دەیدەن بەسەر پەروەردەی هەرێم جێبەجێ ناکرێت.

هاوکات، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا سیستمی لەجێگەدانانی گرێبەست لەسەر داهاتی ناوخۆ بۆ هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا کارابکرێتەوە، کە پێشتر لە سەرەتای مانگی ئابەوە ڕاگیرابوو.

ئەمەش لەکاتێکدایە،بەپێی ئامارەکان بۆ ئەمساڵی خوێندن نزیکەی سێ هەزار مامۆستا خانەنشین بوون، و بڕیارە لە ڕێگەی سیستمی لەجێگەدانانەوە شوێنەکانیان پڕ بکرێتەوە بۆ ئەوەی هیچ کورتهێنانێک لە ناوەندەکانی خوێندن دروست نەبێت.