٧ ئەیلوولی ٢٠٢٦
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی: رێژەی چاکبوونەوە لە نەخۆشی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 75٪، بەڵام ساڵانە تاوەکو 1800 حاڵەتی نوێی توشبوون تۆمار دەکرێن.
ئەمڕۆ دووشەممە 7ـی ئەیلولی 2026، هەردی جەواد سابیر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی تایبەت بە شێرپەنجە و خوێن لە هەولێر رایگەیاند، رێژەی چاکبوونەوە لە نەخۆشی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی بەرزدایە و گەیشتووەتە 75٪ـی کۆی تووشبووان، لە کاتێکدا ساڵانە لە نێوان 1500 بۆ 1800 حاڵەتی نوێی توشبوون بەو نەخۆشییە تۆمار دەکرێت.
وتیشی، رۆژانە لە نێوان 350 بۆ 400 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی نانەکەلی دەکەن، هەرچەندە هەموو سەردانیکەران توشبووی شێرپەنجە نین.
ئاماژەی بەوەشکرد ، رێژەی چاکبوونەوە لە نەخۆشی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی لە نەخۆشخانەکەیان لە ئاستێکی بەرزدایە و گەیشتووەتە 75٪، سەرەڕای ئەم ئاستەی چاکبوونەوە، بەڵام بەرەنگاربوونەوەی زیادبوونی بەردەوامی حاڵەتە نوێیەکان و کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی نەخۆشییەکە لەسەر ژیانی هاوڵاتیان بە ئاڵۆزی دەمێنێتەوە.
