کۆریای باکور: سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا تێکدەری ئاشتییە

٦ ئابی ٢٠٢٢

بڵاویبکەرەوە لە

کۆریای باکور ئاماژەی بەوە کرد، سەردانەکەی نانسی پێلۆسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ ئاسیا، خراپترین تێکدەری ئاشتیی و سەقامگیریی نێودەوڵەتییە.

ڕاگەیەندراوی جۆ یۆنگ سام، بەڕێوەبەری گشتیی بەشی کاروباری چاپەمەنی و زانیاریی لە وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکور، سەبارەت بە سەردانەکەی نانسی پێلۆسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ ئاسیا، لە میدیای فەرمی وڵاتەکەدا بڵاوکرایەوە.

جۆ یۆنگ سام باسی لەوە کرد، پێلۆسی لە میانی سەردانەکەیدا هەستی دژە کۆریای باکوری ورووژاندووە و چینی توڕە کردووە.

هەروەها جۆ یۆنگ سام ئەوەی وەبیرهێنایەوە، کاتێک پێلۆسی لە کۆریای باشور بووە لەگەڵ کیم جین پیۆ سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتەکە، سەردانی ناوچەی داماڵدراو لە سەربازی لە نێوان کۆرییەکاندا کردووە، بەوەیش ڕەوشەکەی شێواندووە.

جۆ یۆنگ سام ئەوەشی خستەڕوو، پیلۆسی خراپترین تێکدەری ئاشتیی و سەقامگیریی نێودەوڵەتییە.

جۆ یۆنگ سام، ''هەڵسوکەوتەکانی پێلۆسی لە کۆریای باشور بە ڕوونی سیاسەتی دوژمنکارانەی ئیدارەی جۆ بایدنی دژ بە کۆریای باکور خستەڕوو، پێلۆسی کە پێی وایە دەتوانێت بە سەلامەتی لە نیمچە دورگەی کۆریادا بێت و بچێت بەبێ کێشە هەڵەیەکی کوشندەیە، سەرچاوەی هەموو ئەو کێشانەی بەهۆی چوونی پێلۆسی بۆ هەر شوێنێک روویداوە باجێکی گەورەی بۆ ئەمریکا دەبێت.''