٥ ئابی ٢٠٢٦
هاتووچۆی ڕاپەڕین: لەمەودوا هیچ شۆفێرێک بەبێ بوونی مۆڵەتی شۆفێری بۆی نییە بچێتە سەرەی بەنزینخانەکانەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 5ـی ئابی 2026، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی ڕاپەڕین ڕێکاری نوێی بۆ ڕێکخستنی سەرەی بەنزینخانەکان ڕاگەیاند و بەپێی بڕیارەکە، وەستان لە سەرەی بەنزینخانەکاندا بەبێ مۆڵەتی شۆفێری ڕێگەپێدراو نییە و لێپرسینەوەی بەپەلە لەگەڵ شۆفێرانی بێ مۆڵەت (پیاوان و ئافرەتان) دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەر ڕاسپاردەی قائیمقامی ڕانیە و لەسەر داواکاری ئیدارەی بەنزینخانەی (Ranya Oil 2)، لەمەودوا مەفرەزەکانی هاتووچۆ لێپرسینەوەی ورد و توند لەگەڵ سەرپێچیکاران دەکەن.
دەشلێت، سەرجەم ئەو شۆفێرانەی لە سەرەی بەنزیندا دەوەستن (پیاوان و ئافرەتان) پێویستە پابەندی یاساکانی هاتووچۆ بن، بەتایبەتی ڕێگە بە هیچ شۆفێرێک نادرێت کە مۆڵەتی شۆفێری پێنەبێت بێتە سەرەی بەنزین و لە کاتی بوونی هەر سەرپێچییەکدا، ڕێکاری یاسایی بەپەلە بەرامبەر شۆفێری سەرپێچیکار دەگیرێتە بەر.
لە ڕاگەیەندراوەکەی هاتووچۆی ڕاپەڕیندا هاتووە، "داواکارین لە هەموو لایەک بەمەبەستی پاراستنی ڕێکخستنی هاتووچۆ و مافی هاوڵاتییان، بە تەواوی پابەندی ڕێننماییەکان ببن".
