١ ئابی ٢٠٢٦
راوێژکاری راگەیاندنی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، روونکردنەوە لەبارەی دەنگۆی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و سیستەمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت دەدات و رایدەگەیەنێت، ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە هەڵە تێگەیشتنیان تێدایە.
ئەمڕۆ شەممە 1ـی ئابی 2026، کیفاح مەحمود، راوێژکاری راگەیاندنی مەسعود بارزانی لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی "الشرق الاوسط" رایگەیاند، ئەمریکا تەواوی سەکۆکانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆتی نەکێشاوەتەوە، بەڵکو تەنها ئەو بەشەی پێویستە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە هەرێمی کوردستان، هێشتوویەتییەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پرۆسەی کشانەوەکە شتێکی کتوپڕ نییە و بەپێی پلانێکی پێشوەختە و رێکخراو دەستی پێکردووە و چەند مانگێکە هێزەکانی ئەمریکا سەرقاڵی ئەو رێکارانەن.
وتیشی، گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێرە و پێویستی بە رێکاری ئەمنی و بەرگری ئاسمانی هەیە، بەتایبەتی لەگەڵ بەردەوامبوونی هەوڵەکان بۆ بەئامانجکردنی لەلایەن ئێران یان گروپە چەکدارەکان لە عێراق.
