ئەمریکا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات ئامادەکاری بۆ جێهێشتنی عێراق و هەرێمی کوردستان بکەن

١ ئابی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

ئەمریکا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات ئامادەکاری بۆ جێهێشتنی عێراق و هەرێمی کوردستان بکەن

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا و کونسوڵخانەی گشتیی ئەو وڵاتە لە هەولێر، هۆشدارییەکی توندی ئەمنییان بڵاوکردەوە و داوا لە هاووڵاتییانیان دەکەن بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ئامادەکاری بۆ جێهێشتنی عێراق و ناوچەکە بکەن.

ئەمڕۆ شەممە 1ـی ئابی 2026، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، ڕەوشی ئەمنیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵۆزە و ئەگەری پەرەسەندنی چاوەڕواننەکراوی هەیە.

ئاماژەی بەوەشكرد، هەڵوێستەکانی ئێران پێشبینینەکراون و مەترسیی هەیە تاران و گروپە نزیکەکانی، دامەزراوە دیپلۆماسییەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە سەرانسەری جیهان بکەنە ئامانج، تەنانەت ئەو ناوچانەش کە پێشتر نەکراونەتە ئامانج.

جەختی لەوەشکردەوە، کە هۆشداری داوەتە ئەمەریکییەکانی ناو عێراق کە ئامادەباشیی تەواویان هەبێت بۆ هەر ئەگەرێکی لەناکاو، چونکە نێردەی دیپلۆماسیی ئەمەریکا لە عێراق هێشتا لەژێر بڕیاری کشانەوەی ناچاریی فەرمانبەرە ناپێویستەکاندایە. هەروەها داوایان لێدەکات بەردەوام چاودێریی گەشتەکانیان لە فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی (هەولێر، سلێمانی، بەغدا و بەسرە) بکەن، خۆیان لە شوێنی قەرەباڵغ و گردبوونەوەکان بەدوور بگرن و پابەندی ڕێنماییە ناوخۆییەکان بن.