18 فەرمانبەر و بەڵێندەر بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکران

٣٠ تەمموزی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

دەستەی دەستپاکی فیدراڵیی عێراق ڕایگەیاند، شانەیەکی گەورەی گەندەڵی لە فەرمانگەی شارەوانیی دیوانییە دەستگیرکراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەستەکە لە ڕاگەیاندراوێکدا دەڵێت، فەرمانی دەستگیرکردن و پشکنین بۆ 30 بەرپرسی پێشوو و ئێستا و بەڵێندەر، بەڕێوەبەرانی بەشەکانی لە فەرمانگەی شارەوانیی دیوانییە دەرکراوە، ئەوەش بە تۆمەتەکانی فێڵکردن لە گرێبەستی پڕۆژەکان، بەرتیل وەرگرتن، بەرزکردنەوەی ناڕەوای نرخەکان و ئەنجامدانی سەرپێچیی جۆراوجۆر کە بوونەتە ھۆی بەھەدەردانی سامانی گشتی.

هاوکات، لە چوارچێوەی فەرمانەکەدا کە بە ھەماھەنگی لەگەڵ “شانەی ھەواڵگریی ھەڵۆکان سەربە وەزارەتی ناوخۆ” جێبەجێکراوە، تا ئێستا 15 فەرمانبەر و سێ بەڵێندەر دەستگیرکراون کە کەرەستە و کەلوپەلیان بە نرخی دووھێندە و گرانبەھا بە شارەوانییەکە فرۆشتووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەست بەسەر بەڵگەنامەی خەرجکردنی پارەدا گیراوە کە بەھاکەی زیاتر لە نۆ ملیار دینارە، لەگەڵ دۆزینەوەی چەندین مۆری ساختەی فەرمانبەرانی چاودێریی دارایی، ژمێریاری، لیژنەکانی کڕین و ھۆبەی باخچەکان، ھاوکات دەست بەسەر چەندین ئۆتۆمبێلی گرانبەھا و بڕێکی زۆر پارەی کاشیدا گیراوە.