لەکەناری ئەڵوەن رۆحم نیشتیمانی خۆی دۆزییەوە

١٠ حوزەیرانی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

هەندێ شوێن هەن، مرۆڤ تێیاندا تەنها نایژی؛ بەڵکو بەشێک لە ڕۆحی خۆی لێ جێدەهێڵێت.

خانەقین بۆ من ئەو شوێنە بوو..

کاتێک مرۆڤ دەگاتە سەر لێواری ئێوارەی تەمەن، ڕابردوو وەک تەمومژێکی چڕ لەبەردەم چاوەکانیدا دەنیشێتەوە. نووسینی ئەم دێرانە، کۆششێک نییە بۆ گۆڕینی مێژوو؛ بەڵکو گەڕانە بەدوای ئەو سێبەرە ونبووانەی کە ڕۆژێک لە ڕۆژان، لەژێر تیشکی هەتاوی گەنجێتیدا، بە شانازییەوە هەنگاویان دەنا. لێرەوە، دڵ و پێنووس دەکەمە هاوسەفەری کەشکۆڵێک لە حەسرەت و ئومێد؛ لە ئازاری شەهیدبوونی هاوڕێکانمەوە تا شەپۆلی نەرمی ڕووباری ئەڵوەن.

لە کوێوە دەست پێبکەم، زۆر کات، یادەوەری من دەباتەوە بۆ خانەقین؟ بۆ لای ئەو کووچە تەسک و باریکانەی کە هێشتا بۆنی قوڕی بارانخواردووی منداڵیمانی لێ دێت. خانەقین تەنها شارێک نییە لەسەر نەخشە؛ خانەقین شووناسێکی هەڵکۆڵراوە لەسەر جەستەی ڕۆحە. ئەڵوەن ئەو ڕووبارەیە کە تەمەنی ئێمەی بەڕێ کرد و خۆی هێشتا هەر دەڕوات، گەنجێتی ئێمە وەک ئاوی ئەڵوەن تێپەڕی؛ پاک، بەخۆڕ و پڕ لە مەینەتی و جوانی.

لەژێر سێبەری دارخورما و دارپورتوقڵ و نارەنجەکاندا، عەشق وەک یەکەم خونچەی بەهار دەپشکوێت. هێشتا دەنگی خشەی گەڵا وشکەکانی سەر ڕێگا باریکەکانی کوێچەبانخەکان لە گوێمدا دەزرینگێتەوە. ئێمە لەوێ فێری عەشق بووین؛ فێری ئەوەی کە نیشتمان لە باوەشی دایک و عەتری خاکەوە دەست پێدەکات.

تەمەنی مرۆڤ چەند سەیرە! سەفەرێکە لە لوتکەی جوانی و ڕەوانبیرییەوە بەرەو کەناری بێدەنگی و کڕنۆشبردن بۆ یاسای سروشت. ئەو لۆچانەی ئەمڕۆ لەسەر دەموچاو و دەستەکانم نەخشاون، نیشانەی شکست نین؛ ئەوانە نەخشەی ئەو ڕێگا سەختانەن کە بڕیومن. هێڵی ئەو پێکەنین و گریانانەن کە ژیان پێیان بەخشیم.

لە گەنجێتیدا بیر تیژە وەک شمشێر؛ هەموو شتێک تۆمار دەکات. بەڵام لە پیریدا، لەبیرچوونەوە دەبێتە میوان. زۆرجار لەبیرچوونەوە نیعمەتە؛ مرۆڤ لە قورسیی یادەوەرییە تاڵەکان ڕزگار دەکات، بەڵام حەسرەتی ئەوەش جێدەهێڵێت کە ناوی ئازیزانت لە تەمدا ون ببن.

مرۆڤ بەبێ عەشق، کۆیلەیەکی ڕووتە لە کارگەی زەمانەدا. عەشق ئەو هێزە فەلسەفییەیە کە واتا دەبەخشێتە پیری و بەرگەی تاڵی ژیان دەگرێت. خەون و ئارەزووەکانمان تەنها خەیاڵی شەوانە نین؛ ئەوانە بزوێنەری مرۆڤن بۆ مانەوە. کاتێک لە خەو ڕادەپەڕین و دەبینین جیهان هێشتا پڕە لە نادادی، عەشق دەبێتە تاکە پەناگە. گەنجێتی عەشقی لە گڕدایە، و پیری عەشقی لە قووڵایی و تێڕاماندا؛ یەکەمیان وەک لافاوە و دووەمیان وەک دەریاچەیەکی کڕ و ئارام.

ژیانی ئێمە لەنێوان دوو جەمسەردایە: جەمسەری ژیان و سەوزایی، و جەمسەری کۆچی هەمیشەیی. باخی گشتی و هەواری شار، لە سلەیمانی، شوێنی ژوان، پیاسەی ڕۆشنبیران، ژاوەژاوەی منداڵان و یەکەم بڵێسەی عەشق و ئارەزوون. لێرە ژیان هاوار دەکات و گوڵەکان سەر بەرەو ئاسمان، بە سییەکانیان هەوای ئازادی هەڵدەمژن.

لەو سەرەوە، گردی سەیوان و گۆڕستانی سەلیم بەگ و گردی مامەیارە، کڕ و بێدەنگ پاڵیان داوەتەوە. لێرە، گوڵەکان سیس و شۆڕ دەبنەوە بەرەو زەوی؛ وەک کڕنۆشبردنێک بۆ یاسای سروشت. لێرە ئارامییەکی ئەبەدی هەیە؛ عەشق، خەون و کێبڕکێ سیاسییەکان هەموویان لەژێر ئەم خاکەدا دەبنە یەک. سەیوان و سەلیم بەگ و مامەیارە تەنها گۆڕستان نین؛ کتێبخانەی مێژووی زیندووی نەتەوەیەکن کە شاعیر و نووسەر و هونەرمەند و تێکۆشەرەکانی لە باوەش گرتووە.

دەکرێت باسی تەمەن بکەین و ناوی ئەو هاوڕێیانە نەهێنین کە لە نیوەی ڕێگادا بوونە سێبەری سەر کێلەکان؟ شەهیدەکان کاتژمێری تەمەنیان لە لوتکەی گەنجێتیدا وەستاند تا تەمەنی نیشتمان درێژ بێت. ڕێبازی شەهیدان تەنها دروشمێکی سیاسی نییە؛ فەلسەفەیەکە لە خۆبەخشین. ئەوان ڕۆیشتن تا ئێمە باسی ئازادی بکەین. چەند تاڵە کاتێک هاوڕێی تەمەنت تەنها ناوێک بێت لەسەر دیواری بیرەوەری و کێلی گۆرێک، بەڵام چەند شیرینە کاتێک دەبینیت ڕێبازەکەیان هێشتا وەک مەشخەڵێک ڕێگای نەوەکانی داهاتوو ڕووناک دەکاتەوە.

ئێمە لە نیشتمانێکدا دەژین کە هەمیشە لەسەر لێواری مێژوودا ڕاوەستاوە. داهاتووی کوردستان چی دەبێت؟ ئەو پرسیارەیە کە زۆرجار خەو لە چاوەکانم دەزڕێنێت. سەرەڕای هەموو تەمومژ و ڕەشپۆشییە سیاسییەکان، من هێشتا بڕوام بە ئایندە هەیە. نیشتمانێک کە خاوەنی خوێنی شەهیدان، شکۆی گردی سەیوان،مامەیارەو گۆرستانی سەلیم بەگ و مەزاری سەرۆک مام جەلال لە دەباشان بێت، مەحاڵە لەناو بچێت.

ئایندەی کوردستان لە دەستی ئەو گەنجانەدایە کە لە باخی گشتی خەونی گەورە دەبینن، لە کووچەکانی خانەقینەوە فێری کەرامەت دەبن، لە خاسە و قەڵا و مەتین فێری بەرگری دەبن و لە هەڵەبجەش فێری لێبوردوویی.

لێرەدا، لەسەر لێواری ئەم ئێوارەی تەمەنە، پێنووسەکەم دادەنێم؛ نە وەک کەسێک کە گوتنی تەواو کردووە، بەڵکو وەک ڕۆحێک کە هێشتا دەیەوێت لە ناو بێدەنگیدا دەنگێک جێبهێڵێت. تەمەن وەک ئاوی ئەڵوەن ڕۆیشت، بەڵام سێبەری ئەو ڕۆژانە هێشتا لە ناو دڵدا دەجوڵێتەوە. لۆچەکانی دەموچاو، کێلەی شەهیدان، کووچە باریکەکانی خانەقین و ئارامیی سەیوان، هەموویان پێکەوە دەبنە کتێبێکی ناوازە؛ کتێبێک کە ناونیشانەکەی نیشتمانە.

ئەگەر ڕۆژێک ئەم دێرانە بخوێنرێنەوە، دەمەوێت خوێنەر هەست بکات کە ئەمە تەنها پەخشانێک نەبوو؛ بەڵکو فرمێسکێک بوو لەسەر خاک، چرایەک بوو لەسەر کێلی هاوڕێیان، و هەناسەیەک بوو بۆ ئەو نیشتمانەی کە هەرچەندە برینەکانی قووڵن، بەڵام هێشتا دڵی لە لێدان نەکەوتووە.

چونکە نیشتمان ئەو شوێنە نییە کە تێیدا دەژین؛ نیشتمان ئەو ئاوێنەیە، ڕۆحمان تێیدا خۆی دەناسێتەوە.

ئەگەر کوردێک لە دوای مردنیدا شوێنێک لە جیهاندا بۆی بمێنێتەوە، ئەوە گۆڕەکەی نییە..

ئەو ڕووبارەیە کە منداڵیی خۆی تێدا شۆردووە،

ئەو خاکەیە کە ناوی خۆی لەسەر نووسیوە،

و ئەو نیشتمانەیە کە هەرچەندە دوور بێت،

هێشتا لە ناو ڕۆحیدا نیشتەجێیە.