٩ حوزەیرانی ٢٠٢٦
وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، حکومەتی عێراق مووچەی هەردوو مانگی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمی خەرج نەکردووە، لەکاتێکدا مووچەی تەواوی دامەزراوەکانی دیکەی عێراق لەو دوو مانگەدا دابەشکراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 9-6-2026، لە روونکردنەوەیەکدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، لە وەڵامی لێدوانەکانی عەدنان فەیحان دلێمی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە داوای راگرتنی شایستە داراییەکانی هەرێم دەکات تا یەکلاییکردنەوەی سەرجەم کێشەکان، دووپاتی دەکەنەوە کە هەولێر بەپێی یاسای ئیدارەی دارایی و یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵەکانی (2023، 2024، 2025) سەرجەم ئەرکەکانی بە تەواوی جێبەجێکردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە ساڵی 2025دا هەرێم پشکی گەنجینەی فیدراڵیی بەپێی رێککەوتنەکان رادەستکردووە، بەڵام حکومەتی عێراق تەنیا پارەی مووچەی 10 مانگی فەرمانبەرانی هەرێمی ناردووە و مووچەی هەردوو مانگی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمی خەرج نەکردووە، لەکاتێکدا مووچەی تەواوی دامەزراوەکانی دیکەی عێراق لەو دوو مانگەدا دابەشکراوە.
وەزارەتی دارایی روونیشیکردووەتەوە، بۆ ساڵی 2026، بەپێی رێککەوتنەکان هەرێم پشکی بەغدای لە داهاتە نانەوتییەکانی مانگەکانی کانوونی دووەم، شوبات، ئازار، نیسان و ئایار رادەستکردووە. سەبارەت بە کەمبوونەوەی داهاتەکانیش لە هەردوو مانگی ئازار و نیسان، وەزارەتەکە هۆکارەکەی بۆ دۆخی جەنگ لە ناوچەکە و نەگەیشتن بە رێککەوتن لەسەر جێبەجێکردنی سیستەمی "ئەسیکودا" لە دەروازە سنوورییەکان گەڕاندووەتەوە، کە وەک ئامرازێک بۆ سەپاندنی گەمارۆی ئابووری بەسەر هەرێمدا بەکارهێنراوە. سەرەڕای ئەوەی گفتوگۆکانی تایبەت بەو سیستەمە گەیشتبوونە قۆناغی کۆتایی، بەڵام بەغدا لە دەرکردنی بڕیاری پێویست کەمتەرخەمی کردووە، بۆیە بەپێی رێککەوتنێک، بڕیاردراوە تەنیا 50٪ی داهاتە نانەوتییەکان رادەست بکرێت بەهۆی دابەزینی قەبارەی داهاتەکانەوە.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەشدا هاتووە، وەزارەتی دارایی رەخنەی توند لە جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان دەگرێت و ئاشکرای دەکات کە باشتر بوو ناوبراو هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری یاسایی و دەستووری بۆ کێشەی بڕگەی "خەرجیی فیعلی" بدایە کە بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە و تەنیا بەسەر هەرێمی کوردستاندا جێبەجێ دەکرێت، کە بووەتە هۆی خەرجنەکردنی تەواوەتی شایستە داراییەکان و مووچە. هەروەها دەڵێت: "جێگەی سەرسوڕمانە کەسایەتییەک لەو پۆستەدا، لەبری پاراستنی یەکسانی و مافی سەرجەم هاووڵاتییان، داوای بڕین و راگرتنی مووچەی بەشێکی دیاریکراو لە هاوڵاتییانی وڵات بکات."
