ئێران پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا ڕاگرت

١ حوزەیرانی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

ئێران پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا ڕاگرت و هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز و باب ئەلمەندەب دەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە 1ـی حوزەیرانی 2026، ئاژانسی هەواڵی “تەسنیم”ـی ئێران ڕایگەیاندم، تیمی دانوستانکاری ئێران، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە هێرشەکانی سەر لوبنان، تەواوی ئاڵوگۆڕی پەیامەکانی لەگەڵ ئەمریکا لە ڕێگەی نێوەندگیرییەوە ڕاگرتووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاری ڕاگرتنی دانوستانەکان و ئاڵوگۆڕی نامەکان لەلایەن تیمە ئێرانییەکەوە وەک ناڕەزایەتییەک دراوە بەرامبەر بە بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە لوبنان، کە بە وتەی تاران “پێشێلکارییەکی ئاشکرای ڕێککەوتنی ئاگربەستە لەسەرجەم بەرەکاندا".

دەشڵێت:"مەرجی هەر جۆرە دەستپێکردنەوەیەکی دیالۆگ، بریتییە لە ڕاگرتنی دەستبەجێی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە غەززە و لوبنان، لەگەڵ پاشەکشەی تەواوەتیی هێزەکانی ئیسرائیل لە ناوچە داگیرکراوەکانی لوبنان ".

وتیشی، هەر جۆرە تێگەیشتنێک لە داهاتوودا پەیوەستە بە جێبەجێکردنی ئەم داواکارییانەوە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە.

هاوکات، سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرایان کردووە کە ئێران و “بەرەی مقاوەمە” هەنگاوی بەکۆمەڵیان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی گرژییەکان و سزادانی ئیسرائیل و لایەنگرانی خستووەتە بەرنامەی کاریانەوە و هەڕەشەی ئەوە کراوە کە “داخستنی تەواوەتیی گەرووی هورمز” و چالاککردنی بەرەکانی دیکە، لەنێویاندا گەرووی “باب ئەلمەندەب”، وەک بژاردەیەک بۆ وەڵامدانەوە لە ئارادایە.