راگەیەندراوێک لە وەزارەتی داراییەوە

٢٦ ئایاری ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم راگەیەندراوێکی لەبارەی کات و شێوازی دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنج بڵاوکردەوە.

دەقی راگەیەندراوەکە:

دوای ناردنی لیستی مووچەی مانگی ئایار و راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی نیسان بۆ وەزارەتی دارایی عێراق لە کۆتایی هەفتەی رابردوو، لە پێناو ئەوەی هەرچی زووە مووچەی مانگی ئایار بنێردرێت و بەر لە جەژن دابەشبکرێت، سەرلەبەیانی رۆژی دووشەممە، 25-5-2026، وەک وەزارەتی دارایی و ئابووری بڕی (50،000،000،000) پەنجا ملیار دینارمان وەک نیوەی داهاتی نانەوتی بۆ مانگی ئایار بە نوسراوی ژمارە (5477،4،7) کە لە رۆژی (24-5-2026 ) واژۆکراوە خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بە ژمارە (70018) لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

کە ئەوەش لە هیچ سیستەمێکی ژمێریاری دنیادا نەبووە هێشتا مانگەکە شەش رۆژی ماوە بۆ کۆتایی، بەڵام وەزارەتی دارایی فیدراڵ داوای نیوەی داهاتی ئەو مانگە بکات، لە بەرامبەریشدا وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ نەهێشتنی هیچ بیانویەک ئامادەبوو ئەو بڕە داهاتە پێش وادەی خۆی رەوانە بکات.

سەرەڕای هەموو ئەو رێوشوێن و رێکارانە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە کۆی بڕی (970،741،514،914) نۆسەدو حەفتا ملیارو حەوت سەدو چل و یەک ملیۆن و پێنج سەدو چواردە هەزارو نۆسەدو چواردە دینار، لە کاتی کۆتاییهاتنی دەوامی فەرمی بانکی ناوەندی عێراق و لە کاتژمێر سێی دوانیوەڕۆ بڕی تەنیا (890،502،000،000) هەشت سەدو نەوەد ملیارو پێنج سەدو دوو ملیۆن دینار لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە گەیشتووەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق، بەوەش دەردەکەوێت کە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ زیاتر لە (80،000،000،000) هەشتا ملیار دینار کەمتری لە کۆی تەمویلی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناردووە.

هەروەها، سەرەڕای نەبوونی دەوامی فەرمی و پشوو لە عێراق و هەرێمی کوردستان لەپێناو هەرچی زوو دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی سەرجەم بانک و گەنجینە و بەڕێوبەرایەتییەکانی راسپاردووە کە دوای وەرگرتنی پارەکە بەشێوەی کاش لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق و گواستنەوە بۆ بانکە ئەهلیەکانی ناو پرۆژەی هەژماری من و پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان هەر ئەمڕۆ دوای نیوەڕۆ دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.

دوای راگەیاندنی لیستی مووچە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت، لە رۆژانی جەژنیشدا دابەشکردنی مووچە لەدوای کاتژمێر (10)ـی بەیانیەوە بەشێوەی کاش و لە رێگای هەژماری من بەردەوام دەبێت.

بەهۆی ئەوەی گواستنەوەی پارە لە هەولێرەوە بۆ پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان و شارو قەزاکان پێویستی بە کاتە، بۆیە داوا لە سەرجەم ئەو مووچەخۆرانە دەکەین کە لە خشتەی مووچەدا مووچەکانیان دەکەوێتە ئەمڕۆ کە بەشێوەی کاش مووچە وەردەگرن لە کاتژمێر پێنجی ئێوارە بەدواوە سەردانی بانکەکان بکەن و ئەو مووچەخۆرانەشی لە رێی هەژماری منەوە مووچە وەردەگرن لە کاتژمێر سێ بەدواوە دەتوانن سەردانی ئامێرەکانی راکێشانی پارە (ATM) ـەکان بکەن و مووچەکانیان رابکێشن، هەر فەرمانبەر و مووچەخۆرێکیش نەتوانێت لەماوەی ئەو سێ رۆژە مووچەکەی وەربگرێت دەتوانێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوام مووچەکەی وەربگرێت.

تێبینی/ لەپێناو ئەوەی بەرە جەژنانە و تا سەرجەم مووچەخۆران بتوانن شایستەکانیان لەکاتی خۆیدا وەربگرن و هیچ مووچە خۆرێک بێبەش نەبێت لە وەرگرتن و دواکەوتنی مووچەکەی، وەک وەزارەتی دارایی بڕیارماندا ئەو کورتهێنانەی بۆ مووچە دروست بووە لەڕێی وەرگرتنی قەرزەوە پڕ بکەینەوە.

هاوپێچ نوسراوی ژمارە (5477،4،7).

راگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم

26ـی ئایاری 2026