کاتێک گفتوگۆ دەبێتە ئاوێنەی نەتەوە

٢٥ ئایاری ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

لە سەردەمێکدا کە جیهان لە نێوان جەنگ و ئاشتی، ڕاستی و پڕوپاگەندە، هێز و بەرژەوەندیدا دەسووڕێتەوە، مرۆڤی ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێک پێویستی بە گفتوگۆ هەیە؛ نەک تەنها لە نێوان دەوڵەت و خەڵکدا، لە نێوان چەپ و ڕاستدا بەڵکو لە نێوان خۆمان و ویژدانی خۆماندا. چونکە زۆرجار، چارەسەری گەورەترین قەیرانەکان لە پرسیارێکی سادەوە دەست پێ دەکات.

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ئەورووپا، لە ئاسمانی ئۆکرانیاوە بۆ کەنارەکانی غەززە، لە شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێرانەوە بۆ کەنداو، لە ناوچەکە و عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان، مرۆڤ لە نێوان ترس و هیوا، جەنگ و ئاشتی، داهاتوو و نادیاریدا دەژی. لەم ئاڵۆزییەدا، جارێک ویستم لەگەڵ ژیاندا گفتوگۆ بکەم؛ نە لە ژووری بارەگا و کتێبخانەکان و کۆبوونەوەی سیاسیدا، نە لە هۆڵی کۆنفرانسدا، بەڵکو لە دامێنی شاخەکانی کوردستاندا.

لە ژێر سێبەری دارێکی بەڕووی کۆندا لە سەرسیر، چوار دەنگ کۆبوونەوە: پیاوی شار، پیاوی لادێ، گەنجێک و پیرێک. دواتر ژنێکیش هات؛ ژنێک کە لە چاوانیدا دانایی ژیان و ئارامی دایکایەتی دەدرەوشایەوە.

پیاوی شار، بە جلێکی ڕێک و تەلەفۆنێکی زیرەک لە دەستدا، وتی:

—جیهان بە خێرایی دەگۆڕێت. ئەمڕۆ هێز لە زانیاری، ئابووری و تەکنەلۆژیادایە. ئەگەر نەجووڵێین، لە دواوە دەمێنینەوە.

پیاوی لادێ، دەستەکانی بۆنی خاک و گەنمیان لێ دەهات، بە ئارامی وەڵامی دایەوە:

—ڕاستە، بەڵام ئەو دارەی بە خێرایی گەشە بکات و ڕەگی قووڵ نەبێت، یەک با دەتوانێت بیکاتە خاشاک.

پاشان ئاماژەی بۆ شاخەکان کرد و وتی:

—ئەم شاخانە فێرمان دەکەن؛ بەرزبوونەوە بەبێ بنەڕەت، واتای نییە.

گەنجەکە، بە چاوانێکی پڕ لە خەونەوە، وتی:

—ئێمە زۆرێک لە تەمەنی خۆمان لە چاوەڕوانیدا لەدەست دەدەین؛ کار، مووچە، خانوو، هاوسەرگیری، دڵنیایی بۆ سبەی... هەموو شتێک بووەتە پرسیار. ئێمە چی بکەین؟

پیرەمێردەکە بە هێمنی پێکەنی و وتی:

—کوڕم، نەوەی ئێوە زوو وەڵامی دەوێت، بەڵام ژیان زوو بەرهەم نادات. خاکیش ئەگەر ئەمڕۆ تۆوی تێدا بچێنیت، سبەی میوە نادات.

پاشان وتی:

—پێشینان دەیانوت: ئەوەی بە پەلە بڕوات، زۆرجار ڕێگا ون دەکات.

ژنەکە، لە هێمنییەکەیدا هێزێکی گەورە هەبوو، وتی:

ـــ ئێوە هەمووتان لە دەسەڵات، ئابووری و سیاسەت دەدوێن... بەڵام کێ لە مرۆڤ دەدوێت؟

پیاوی شار:

ـــ مەبەستت چییە؟

ژنەکە وتی:

ـــ ئەو کۆمەڵگەیەی ژن تێیدا ئارام نەبێت، منداڵ تێیدا دڵنیا نەبێت، و پیاو تێیدا متمانەی بە سبەینێ نەبێت... شار هەرچەندە بیناکانی بەرز بن، هێشتا ناتوانرێت پێی بڵێین گەشە.

پیاوی لادێیەکە چاوی داخست و وتی.

ـــ ڕاستت کرد.

لە کۆتاییدا دوو دەنگی تر سەریان هەڵدا؛ یەکێکیان گەشبین بوو، ئەوی تر ڕەشبین.

گەشبین وتی:

ـــ هێشتا هیوا هەیە. هەرێم زۆر قۆناغی سەختی بینیوە و هێشتا ماوە.

ڕەشبین بە تاڵییەوە وتی:

ـــ بەڵام خەڵک ماندووە... متمانە کەم بووە... جیهانیش دڵسۆز نییە.

لەو ساتەدا پیرەمێردەکە وتی:

ـــ هەردووکتان بەشێک لە ڕاستین. ڕەشبینی بەبێ کردار بێهیوایییە، گەشبینیش بەبێ ڕاستبینی خەونە.

ئەم گفتوگۆیە، قسەیەکی زێڕینی بیر خستمەوە کە دەڵێت:

"لە ناو زستاندا، بەهارێکی شاراوە لە ناخیدا حەشاردراوە".

من، لە نێوان ئەم هەموو دەنگانەدا، هەست دەکەم هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێویستی بە گفتوگۆیەکی نوێ هەیە؛ نە گفتوگۆی تاوانبارکردنی یەکتر، بەڵکو گفتوگۆی بنیادنان.

پێویستمان بە وڵاتێکە بۆ هەموومان بێت ...

بە شارێکە، یاسا سەروەر بێت...

بە لادێیەک، ڕەگ بپارێزێت...

بە گەنجێک، خەون ببینێت...

بە پیرێک، ڕێگا بناسێت...

بە ژنێک، ژیان بپارێزێت...

و بە پیاوێک، بەرپرسیار بێت...

کاتێک خۆر هێواش لە پشت شاخەکانی شارباژێڕەوە ئاوا دەبوو، هەموویان بێدەنگ بوون. تەنها دەنگی با دەهات و گەڵای دارەکان دەجووڵان.

لەو ساتەدا تێگەیشتم:

نەتەوە بە قسەی زۆر دروست نابێت... بە گوێگرتن لە یەکتر دروست دەبێت.

و پێشینان ڕاستیان وتووە:

"ئەو ماڵەی گفتوگۆی تێدا بمرێت، ناکۆکی دەرگای لێ دەکاتەوە".

هێشتا باوەڕم وایە؛

کوردستان، هەر کاتێک گوێ لە هەموو دەنگەکانی خۆی بگرێت، دەتوانێت جارێکی تر خۆی سەرلەنوێ بنیاد بنێتەوە.