رێنماییەکانی خۆپارێزی لە تای خوێنبەربوون لە كاتی قوربانیكردن

٢٥ ئایاری ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

تەندروستی سلێمانی چەند رێنماییەکی خۆپارێزی لە تای خوێنبەربوون لە کاتی قوربانیکردن بڵاوکردەوە؛ داواش دەکات، هاوڵاتییان پابەندبن.

بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی داوا لە هاوڵاتییان دەكات ئەم رێنماییە تەندروستی و زانستیانە لە كاتی سەربڕینی ئاژەڵ بۆ قوربانیکردن جێبەجێ بكەن، بۆ ئەوەی دووربن لە تووشبوون بە تای خوێنبەربوون، کە بریتین لە:-

1- سەربڕینی ئاژەڵ پێویستە لەناو ئەو سەربڕینخانانەدا بێت كە رێگە پێدراون و پزیشكی ڤێتێرنەری سەرپەرشتی دەكات.

2- لە كاتی سەربڕینی ئاژەڵ و كەوڵكردن یان پارچە پارچەكردنی گۆشتەكەی جل و بەرگی خۆپارێزی وەك (دەستكێش، جزمە، سەدریەی پلاستیك، ماسكی دەمووچاو) بەكاربهێنرێت.

3- نابێت خانەوادە یان خەڵك كۆببنەوە لە چواردەوری قەساب و نابێت هاوكاری بكەن لە كاتی سەربڕینی ئاژەڵ و پارچە پارچە كردنی گۆشتەكەی.

4- بەبێ دەستكێش مامەڵە لەگەڵ جەستەی ئاژەڵی سەربڕاو مەكە.

5- دوای پۆشینی دەستكێش و كەلوپەلی خۆپارێزی گۆشتی ئاژەڵی سەربڕاو پارچە پارچە بكە.

6- لابردنی پاشماوەی ئاژەڵە سەربڕاوەكان و دانانی لە كیسی داخراو فڕێدانی بۆ شوێنی تایبەت.

7- بەكارهێنانی چەقۆ و تەختەی پارچەپارچە كردنی تایبەت بە گۆشت و شتن و پاكژكردنەوەی تەختە و چەقۆكان دوای بەكارهێنانیان.

8- پاككردنەوەی ئەو شوێنەی ئاژەڵەكەی لێ سەردەبڕێت و بەتایبەت ئەو شوێنانەی خوێنی لێیە بە ماددەی كلۆریینی روونكراوە.

9- باشتر وایە گۆشت ماوەی 12 بۆ 24 كاتژمێر لەناو ساردكەرەوە هەڵبگیرێت پاشان بەكاربهێنریت، بەڵام گۆشتی كوڵاو هیچ كێشەی نیە و سەلامەتە و نابێتە هۆی توشبوون بە تای خوێنبەربوون.

10- ئەگەر ئاژەڵ گەنەی هەبوو باشتر وایە نەكڕێت یان سەر نەبڕێت بو دووربوون لە تای خوینبەربوون، چونكە نەخۆشیەكە دەگوازرێتەوە.