٢٤ ئایاری ٢٠٢٦
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ کەسایەتیی سیاسیی عێراقی، خەمیس خەنجەر کۆبووەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 24ـی ئایاری 2026، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کەسایەتیی سیاسیی عێراقی، خەمیس خەنجەر کۆبووەوە و لە دیدارەکەدا، بیروڕا لەبارەی دوایین پێشهات و دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا.
هاوکات، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە لە ئێستادا دەرفەتێکی نوێ لەبەردەم حکومەتی فیدراڵدا هەیە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە خزمەتی سەرجەم هاوڵاتییان و پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق بکات.
ئەمەش لەکاتێکدایە، خەمیس خەنجەر، سەرۆکی پێشووی هاوپەیمانیی سەروەری، تیشکی خستە سەر ئاڵۆزییەکانی ڕابردووی ناوچەکە، بەتایبەت جەنگی نێوان (ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران) و هێرشی میلیشیاکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و وڵاتانی عەرەبی.
خەنجەر جەختی لەوە کردەوە کە ئەم پێشهاتانە هاندەر بوون بۆ ئەوەی هێزە سیاسییەکانی عێراق هەڵوێستێکی جددی وەربگرن و ڕێگە نەدەن ئەو پێشێلکارییە مەترسیدارانە دووبارە ببنەوە، چونکە زیانی ڕاستەوخۆ بە ئاسایش و ئاشتیی کۆمەڵایەتیی وڵات دەگەیەنن.
