کاتێک جیهانی بێ کاش لە چرکەساتێکدا ئیفلاس دەکات

٢٣ ئایاری ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

لە کاتێکدا کە جیهان بە پەلە و بە هەنگاوی ستراتیژی بەرەو سڕینەوەی تەواوەتی پارەی کاش لە بازاڕەکاندا هەنگاو دەنێت، پرسیارە جدی و مەترسیدارەکە لێرەوە دەست پێدەکات. کاتێک تەواوی سەروەت و سامانی مرۆڤەکان دەبێتە ژمارەیەکی دیجیتاڵی لەسەر شاشەکان و لەو کاتەشدا هێڵەکانی گەیاندن دەپچڕێن، چارەنوسی ملیۆنان هاوڵاتی و هەزاران کۆمپانیا و دامەزراوەی بازرگانی چی بەسەر دێت؟

ئەم واقیعە نوێیەی کە حکومەتەکان و بانکە ناوەندییەکان بە پاڵپشتی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆجیا پەرەی پێدەدەن، جیهان دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت کە تێیدا متمانەی دارایی تەنیا بەستراوەتەوە بە ڕیپۆرتێکی ڕوناکی سەر شاشەی مۆبایلەکانمانەوە.

ئەو پلانە گشتگیرەی کە لە ئێستادا لەلایەن بڕیاربەدەستانی دارایی جیهانییەوە جێبەجێ دەکرێت بۆ کەمکردنەوەی مامەڵەی کاش بۆ نزمترین ئاست، یان نەهێشتنی بە یەکجاری لە بواری خەرجی و کۆکردنەوەی داهاتە گشتییەکاندا، ژێرخانی ئابوری گۆڕیوە بۆ سیستەمێک کە بەبێ ئینتەرنێت تەنانەت ناتوانێت یەک هەنگاویش بچێتە پێشەوە.

کاتێک هاوڵاتییەک دەچێتە فرۆشگایەک بۆ کڕینی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان، یان کاتێک کۆمپانیایەک دەیەوێت گرێبەستێکی گەورەی بازرگانی واژۆ بکات، هەموان پشت بەو لێشاواوە لە داتایە دەبەستن کە لە ڕێگەی فایبەر ئۆپتیک و مانگە دەستکردەکانەوە دەگوازرێنەوە.

لە چرکەساتی پچڕانی ئینتەرنێتدا، ئەم زنجیرە گواستنەوەیە بە تەواوی پەکسی دەکەوێت و ئەژمێری بانکی هاوڵاتیان دەبێتە قفڵێکی بێ کلیل. پارە هەیە بەڵام دەستگەیشتن پێی مەحاڵە، بازاڕەکان هەن بەڵام توانای کڕین و فرۆشتن سفر دەبێتەوە، ئەمەش جۆرێک لە ئیفلاسی کاتی بەسەر کۆمەڵگەدا دەسەپێنێت کە هیچ پەیوەندییەکی بە نەبونی سامانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە پەککەوتنی ئامرازەکانی گواستنەوەی سامانەوە هەیە.

کاریگەرییە دەستبەجێیەکانی ئەم دۆخە لەسەر ئەژمێری بانکی هاوڵاتی ، کاتێک ئینتەرنێت بۆ ماوەیەک دەبڕێت، لە شێوازی شڵەژانێکی دەرونی و دارایی تونددا ڕەنگدەداتەوە. هاوڵاتییەک کە ڕاهاتوە کارتی بانکی یان ئەپڵیکەیشنی مۆبایلەکەی بەکاربهێنێت بۆ دابینکردنی بژێوی ڕۆژانەی، کتوپڕ خۆی لە بەردەم واقیعێکدا دەبینێتەوە کە هیچ شتێکی پێ نییە بەهای هەبێت لە کاتی نەبونی پەیوەندیدا.

بانکەکان ناتوانن هاوسەنگی ئەژمێرەکان نوێ بکەنەوە، ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM) لە کار دەکەون، و کارتە هۆشمەندەکان دەبنە پارچە پلاستیکێکی بێ کەڵک. ئەم دابڕانە نەک تەنیا ڕەوتی ژیانی ڕۆژانە پەکدەخات،. لەم سۆنگەیەوە، سیاسەتی سڕینەوەی کاش بەبێ بونی بەدیلی پارێزراو، ئەژمێری بانکی هاوڵاتیان دەخاتە ژێر ڕەحمەتی هێڵە تەکنەلۆجییەکانەوە کە لە هەر کاتێکدا گەردەلولێکی خۆری، هێرشێکی ئەلیکترۆنی، یان تێکچونی کێبڵێکی ژێر دەریا دەتوانێت لە ناویان ببات.

لەسەر ئاستی کۆمپانیاکان و کەرتی بازرگانی، زیانەکان بە شێوەیەکی ئەندازەیی گەورەتر و وێرانکەرتر دەبن، چونکە پچڕانی ئینتەرنێت بۆ چەند کاتژمێرێک یان چەند ڕۆژێک دەبێتە هۆی ڕاوەستانی تەواوەتی گواستنەوە داراییەکان لە نێوان بانکەکاندا.

کۆمپانیا گەورەکان کە ڕۆژانە سەدان مامەڵەی کڕین، فرۆشتن، پێدانی موچە و باج لە ڕێگەی ئەژمێری بانکییەوە ئەنجام دەدەن، کتوپڕ توانای جوڵاندنی سەرمایەکەیان لەدەست دەدەن، ئەمەش دەبێتە هۆی دواکەوتنی پارەداركردن و گواستنەوەی کاڵاکان لە بەندەر و فرۆکەخانەکاندا، و لەدەستدانی متمانەی بازرگانی لە نێوان هاوبەشە نێودەوڵەتییەکاندا.

ئەگەرچی بانکەکان خاوەنی سێرڤەری ناوخۆیی و سیستەمی یەدەگن، بەڵام بێ ئینتەرنێت ناتوانن لەگەڵ بانکەکانی تر و بانکە ناوەندییەکاندا پەیوەندی ببەستن، ئەمەش وا دەکات پرۆسەی پاکتاوکردنی چەکی پارە و گواستنەوەی ئەلیکترۆنی گەورە پەکبکەوێت. ئەم دۆخە ترسێکی گشتی لای هاوڵاتیان دروست دەکات کە ڕەنگە هانیان بدات دوای گەڕانەوەی هێڵەکان، بە لێشاو ڕو لە بانکەکان بکەن بۆ ڕاکێشانی سامانی خۆیان، ئەمەش جۆرێک لە داڕمانی بانکی کاتی یان هەمیشەیی لێدەکەوێتەوە کە زیان بە تەواوی ئابوری نیشتمانی دەگەیەنێت.

حکومەتەکان کە لە ئێستادا بە پەرۆشەوە کار دەکەن بۆ دیجیتاڵیکردنی کۆکردنەوەی داهات، بە مەبەستی شەفافییەت ، لە کاتی پچڕانی تۆڕەکاندا کتوپڕ خەزێنەکانیان لەو لێشاوە داراییە ڕۆژانەیە بێبەش دەبێت. ئەمەش بەربەستێکی دەستبەجێ لەبەردەم دابینکردنی خەرجییە بەپەلەکان و بەڕێوەبردنی دامەزراوە خزمەتگوزارییەکاندا دروست دەکات و هاوسەنگی دارایی دەوڵەت دەخاتە مەترسییەوە.

بۆ وڵاتێکی وەک عێراق و هەرێمی كوردستان کە لە سەرەتای ڕێگای دیجیتاڵیکردنی کەرتی دارایی و پەرەپێدانی ئەژمێری بانکیدایە، پچڕانی ئینتەرنێت تەنیا کێشەیەکی تەکنیکی نییە، بەڵکو دەبێتە هۆی پەککەوتنی تەواوەتی و کوشندەی سیستەمەکە. جیاوازی سەرەکیان لەگەڵ وڵاتانی پێشکەوتو ئەوەیە کە لێرە هێشتا ژێرخانی تەکنەلۆجی، سیستەمی یەدەگی ئۆفلاین، و تەنانەت متمانەی دەرونی هاوڵاتیان بە بانکەکان نەگەیشتوەتە قۆناغی جێگیربون. لەبەر ئەوە، لێکەوتەکانی ئەم کێشەیە لەسەر هاوڵاتی و کۆمپانیاكان زۆر زیاتر دەبن.

هاوڵاتییەک کە موچەکەی یان پاشەکەوتەکەی لە ئەژمێرێکی دیجیتاڵیدایە، کتوپڕ خۆی لە بەردەم واقیعێکدا دەبینێتەوە کە ناتوانێت تەنانەت پێداویستییە سەرەتاییەکانی ڕۆژانەی وەک خۆراک و سوتەمەنی بکڕێت، چونکە هیچ سیستەمێکی یەدەگی "ئۆفلاین" یان مانگی دەستکرد لەم ئامێرانەدا بونی نییە بۆ پشکنینی هاوسەنگی ئەژمێرەکەی.

کۆمپانیاکانی عێراق بەتایبەت کۆمپانیاکانی بازرگانی، گەیاندن، و فرۆشتنی ئۆنلاین کە تازە گەشەیان کردوە لە کاتی پچڕانی ئینتەرنێتدا دەکەونە ناو چەقبەستوییەکی دارایی ترسناکەوە. لەبەر ئەوەی سیستەمی بانکی عێراق هێشتا خاوەنی تۆڕێکی ناوخۆیی سەربەخۆ و بەهێز نییە کە لە کاتی دابڕانی ئینتەرنێتی جیهانیدا کار بکات، کۆمپانیاکان ناتوانن هیچ حەواڵەیەک یان پارەدانێک لە ڕێگەی ئەژمێرەکانیانەوە ئەنجام بدەن.

هاوڵاتیان کتوپڕ هەست بە مەترسی دەکەن و لەگەڵ یەکەم چرکەی گەڕانەوەی ئینتەرنێتدا، بە لێشاو ڕودەکەنە بانکەکان و ئامێرەکانی ATM بۆ ڕاکێشانی تەواوی پارەکانیان بە شێوەی کاش. ئەمەش پرۆسەی دیجیتاڵیکردنی پارە لە عێراق چەندین ساڵ دەگەڕێنێتەوە دواوە