٢١ ئایاری ٢٠٢٦
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێم دەڵێت، بۆ جەژنی قوربان بڕیاری لێبووردنی تایبەت دەرناکرێت و هیچ سزادراوێک بەو بڕیارە ئازاد ناکرێت؛ تەنانەت ئەوانەشی کە باری تەندروستیان ناجێگیرە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21-5-2026، ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێم لە لێدوانێکدا رایگەیاند، بۆ جەژنی قوربانی ئەمساڵ، بڕیاری لێبووردنی تایبەت دەرناکرێت و هیچ سزادراوێک بەو بڕیارە ئازاد ناکرێت.
ئاشکراشیکرد، کە بڕیاری ئازادنەکردنەکە گشتگیرە و تەنانەت ئەو زیندانییانەش دەگرێتەوە کە باری تەندروستییان جێگیر نییە و نەخۆشن، بە جۆرێک ئەوانیش ناتوانن لەم جەژنەدا بە لێبووردنی تایبەت سوودمەندبن.
هەروەها ناوبراو هۆکاری دەرنەکردنی بڕیارەکەشی گەڕاندەوە بۆ بوونی چەند رێکارێکی کارگێڕی کە رێگرن لە جێبەجێکردنی پڕۆسەکە لەم کاتەدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵەکانیان بۆ ئەم پرسە نەوەستاوە و لە ئێستادا تیمەکانیان بە چڕی سەرقاڵی ئامادەکردن و رێکخستنی لیستێکی نوێن تایبەت بە لێبووردنی زیندانیان، بەڵام تەواوبوونی کارەکان و جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەکەوێتە کاتەکانی دوای تەواوبوونی رۆژانی جەژنی قوربان.
