١٩ ئایاری ٢٠٢٦
ئەو بوونەوەرە کە مرۆڤ بە شومی دەزانێت بەتایبەت کاتێک بقیژێنێ، کوردەواریش بۆ ئەوە وتەیەکیان هەیە بەرامبەر بەو کەسانەی خۆشەویست نین و زۆر بڵێن، دەڵێن (دەڵێی قەلی دەقیژێنی) لێ راستیەک هەیە دەبێ بزانرێت، زانست سەلماندوویەتی ئەو باڵندەیە، سێیەم زیرەکترین گیانلەبەرە، لە دوای مرۆڤ و دۆلفین، دەتوانێ فێری زمانیش بێت، زۆریش بەوافان بە تایبەت لە بواری کۆمەڵایەتی و خێزانداریەوە.
بۆ نمونە نێرە لەگەڵ هاوسەرەکەی واتە مێیەکەی، تەنها مردن لێکیان جیادەکاتەوە، هەمیشەش ئازاردان و زیان پێگەیاندنیان لەبیر ناچێتەوە، بەو مانایەی ئەگەر یەکێک لێیان بدات یان هەڕەشەیان لێبکات، بە هەموو شێوەیەک هەوڵی تۆڵەکردنەوە دەدەن، لە هەموو ئەوانە سەیر و سەرنجڕاکێشتر دادگاییکردنەکانیانە کە زۆر بە دامەزراوەیی و دادپەروەرانە دەیکەن، دەتوانم بڵێم بەرامبەر بەو شێوە داداگاییکردنانەی ئەم زەمانە لەلایەن ئادەمیزادەوە دەکرێتن زۆر پێشکەوتوترە.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم چەند نمونەیەک لە شێوەی دادگاییکردنەکانیان بخەمەڕوو:
یەکەم، روخاندنی هێلانە، ئەگەر قەلەڕەشێک لێی تێک بچێت و هێرش بکاتە سەر هێلانەی قەلەڕەشێکیتر و خراپی بکات، دادگایی دەکەن و فەرمانی پێدەکەن هێلانەیەکیدی زۆر رێک و پێکتر دروست بکاتەوە، سەرپێچیش نیە، ئەگەر نا سزای قورستری دەدەن.
دووەم، کاتێک قەلەڕەشێک سنوری ئەدەبیاتی کۆمەڵگاکەیان دەبەزێنێت و گێچەلی سێکسی بە مێیەی قەلێکیتر دەکات، دادگایی دەکەن، دادگاییکردنەکەش لە زەویەکی کراوە و بە ئامادەبوونی گەلە قەلێکی زۆر لە دەورەی قەلی تاوانبار، لەبەرچاوی قەلە غەدرلێکراوەکە و فەرخەکانی بڕیار لە کوشتنی دەدەن، ئیتر هەمویان دەنوک بارانی دەکەن تا دەیکوژن، پاشان دەینێژن و نابێت پرسەشی بۆ دابنرێت وەکو قەلەکانیتر کە بە خۆیان دەمرن.
سێیەم، دزینی خواردن، کاتێک قەلێک خواردنی قەلێکی لە خۆی کەم تەمەن و لاوازتر دەدزێت و دەیخوات، لەسەری ناچێت و دادگایی دەکەن، هەمویان بە دەندوک لێی دەدەن تا لە پەلوپۆی دەخەن، ئەوەش بۆ ئەوەیە، تا وەکو قەلە لاوازەکە نەتوانێت بفڕێت و هەست بکات غەدری کردووە، غەدریش تێناپەڕێت، رەنگە سزایتریشی بدەن ئەگەر بێت و پەند وەرنەگرێت.
بە هەر حاڵ ئەوە دادگای قەلەڕەشەکانە، ببینین چەند سەرنجڕکێش و دادپەرەوەرەانەیە، بە لێوردبوونەوە ئینجا تێدەگەی چەندە پێشکەوتووە، ئاخر باڵندەیەک ئەو دەستور و حوکم و ئەحکامەی هەبێت بۆ بە پێشکەوتو و دادپەروەرتر هەژمار نەکرێت بەرانبەر بە مرۆڤ کە هۆشێکی سەلیم و عەقلێکی پاراوی هەیە ئینجا هەزار عەیب و نەنگی لە دادگاکان دەبینرێت و دەبیسترێت، کە زۆر زەروریە دادپەروەری پیادە بکرێت، بێ هەژمارکردن بۆ بەهێز و بێهێز و دەسەڵاتدار و بێدەسەڵات، چونکە دادگا یەکێک لە بنەما سەرەکیەکانی کۆمەڵەگەیەکی تەندروست و بێ خەوشە.
بە دیوێکیتر ئەگەر داد پەروەری بە یەکسانی بەسەر هەمواندا هەبێتن، کۆمەڵەگەیەکی نمونەیی بەرجەستە دەبێت، لە دەرەوەی ئەوە دەبێت چاوەڕێی حوکمی قەرەقوش بکەی، لە دووەم شەڕی جیهانی کە لەندەن لە ئەنجامی بۆمباران کردن لە لایەن هەواپەیماییەکانی ئەڵمانیا و دەسوتا، سەرۆکی وەزیرانی بەریتانا(ونستۆن چەرچڵ) پرسیاری دوو جومگەی دەوڵەتی لە راوێژکارەکانی کرد، یەکەمیان پەروەردە ئەویتریان دادگاکان، وەڵامیان دایەوە و وتیان هەردووکیان بەردەوامن و کاری خۆیان دەکەن، وتی کەوایە بەریتانیا بە خێرە و داهاتوی مسۆگەرە، دواجاریش راست دەرچو.
لە راستیدا من نمونەی (دادگای قەلەڕەشەکان)م بۆ ئەوە هێنایەوە، لەم وڵاتە خەوشێکی زۆر هەیە و بە ئاشکرا هەستی پێدەکرێت، ئەگەرچی دادگاکانمان مێژویەکی دەوڵەمەند و بنەمای یاسایی زۆر و زەوەندیان هەیە، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهات و روداوەکان، بەڵام دەبینین بەردەوام کیشە و کوشتن و زوڵم و زورداری و رێگریکردن هەیە.
زۆرجاران بەربەرچاوی گشتی و لەبەر دەمی دادگاکان دەکرێتن، بۆ خۆم چەندین کەیسی لەو شێوەیەم بیستوە، زەحمەتە ئامەژەیان پێبدرێت، لەبەر لایەنە پەیوەندیدارەکان و هەستیارییان، کەچی ئەو ئیجرائاتانەی پێویستە بۆ بەرزەفتکردنی لایەنی تۆمەتبار جێبەجێ نابێت، یان زۆر دوادەخرێت ئیتر سەردەکێشێ بۆ تاوانی گەورەتر، ئاخر ئەگەر یەکێک ببێتە هۆکاری تێکدانی رەوشی گشتی یان پێشێلکردنی مافی کەسی وەکو دادگایی قەلەڕەشەکان لە جێوە سزابدرێت، ئەمە دەبێتە دیوارێکی ئەستور لەبەردەم ئەوانەی خوازیاری تاوانکردنن.
بەداخەوە دۆخەکە ئەوەندە ئاڵۆز کراوە، خەریکە تاوانکردن ببێتە حەز یان پارە پێپەیداکردن، ئەوەی ئەو واقیعەی تۆخکردۆتەوە کە وای لێهاتوە ئیرەیی بە قەلە رەشەکان ببەین کە باشتر حاڵ و وەزعی خۆیان بەڕێوەدەبەن لە ئێمەی مرۆڤ.
واستە و مادەلایی و دەست تێوەردانی ئەم و ئەوە کە زۆرجاران ئەو حوکمانەی دەدرێن نابنە رێگر لەبەردەم حەزی شەڕانگیزی هەندێ کەس و لایەنی دەست رۆیشتوو، واتە حوکمەکان نابنە پەند و عیبرەت، ئەوەش تەشویق دەداتە تاوان کردن، من بۆ خۆم گوێبیستی هەندێ بۆچونی زۆر ناخۆش و نەشاز بوویمە، بۆ نمونە ‘بڕۆ لێیدە یان بیکوژە هەر پارە نیە….!’
من باوەڕی تەواوم بەوە هەیە بۆ ئەم دنیا جەنجاڵ پڕ لە ئاڵۆزیە کە ئەسبابەکان زۆرن لێرە جێی هەمویان نابێتە باسیان بکەم کە هەندەکیان زۆر مەعلومن بۆ عەوام، تەنها دادگای قەلەڕەشەکانە و بەس.