عەجاجەكان

١٨ ئایاری ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

لە تاوانی قەتڵوعام و زیندەبەچاڵكردنی ئەنفالكراوەكاندا، هەزاران سەرباز و ئەفسەر و پلەداری ئەمن و ئیستیخبارات و موخابەرات و حەرەس جمهوری بەشدار بوون، هەر هێزێك لەمانە بە جۆرێك بەشدار بووە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوانەی لە پرۆسەی گوللەبارانكردن و داپۆشینی گۆڕە بەكۆمەڵەكاندا بەشدار بوون، ژمارەیەك بكوژی زۆر تایبەت بوون لە ژێر سەرپەرشتی و چاودێریی دەزگای ئەمنی خاس بە نهێنی ئەم كارەیان ئەنجام داوە..

ئەمانە ئێستا لە كوێن؟؟

لێرەدا، بە زمانی ئێوەوە پرسیارێك دەكەم، ئەم پرسیارەش هەزاران پرسیاری تر دەخولقێنێت، ئایا لە كۆی ئەو دەیان هەزار كەسەی كە بەشدار بوون لەو ٨ قۆناغەی ئەنفالدا، بۆچی تا ئێستا تەنها كەسێكیان خۆی ئاشكرا نەكرد و بڵێت ئەوە فڵان گۆڕی بەكۆمەڵ لەو شوێنەدایە، خۆ تازە ئەوانەیان كە هێشتا لە ژیاندا ماون، یان لە دواساتەكانی تەمەنیاندان، بە مۆراڵی مرۆڤی ئاسایی ئەگەر نهێنییەك لە ناخیاندا هەبێت، پێش ئەوەی بمرن هەوڵ دەدەن ناخی خۆیان ئاسوودە بكەن و ئەو نهێنییە بدركێنن، بەڵام زۆر سەیرە ئەم خەڵكانە لە ئاگر و ئاسن دروست كراون و لە ڕەگەزی مرۆڤ نین، ئەگینا تاكەكەسێك نەبوو لەمانە مرۆڤ بێت؟..

لەم ٣٨ ساڵەی ڕابردوودا كەسێك لەم تەقەكەرانە، لەو تیمانەی شۆفڵ و گەڵابەیان پێ بوو، ویژدانی نەجووڵا تا شوێنی گۆڕێك لەو گۆڕە بەكۆمەڵانە بە خەڵكی عێراق و كوردستان بڵێت؟، تەنها بۆ ئەوەی ویژدان (ئەگەر هەبێت) نەیكوژێت، ئێمەی كورد هەرگیز بە چاوی ڕق و تۆڵەوە لە دوژمنەكانیشمان نەڕوانیوە، بڕوانن لە ڕاپەڕینی ١٩٩١ كە گەرماوگەرمی دوای ئەنفالیش بوو، نزیكەی ١٠٠ تا ١٥٠ هەزار سەرباز و ئەفسەر و پلەدار دەستگیر كران، بە ناوی تۆڵەوە كەسیان نەكوژران، بەڵكوو بە ڕێزەوە نێردرانەوە بۆ لای كەسوكاریان..

پرسیار: ئایا ناكرێت لە دوای پرۆسەی گوللەبارانكردنەكان، تەقەكەرەكانیش گوللەباران كرابن؟؟، چونكە عێراقی پێشوو هەزاران نموونەی وەهای تێدا بوو.. كاتێك سەددام و نازم گزار لە ٣٠/٦/١٩٧٣ هەوڵی تیرۆركردنی سەركۆمار ئەحمەد حەسەن بەكریان دا كە لە گەشتێكدا بوو بۆ یەكێتیی سۆڤیەت و بوڵگاریا، سێ تاقم خەڵكی تەقەكەر و پیاوكوژیان دانابوو، ڕیزی یەكەم لە فڕۆكەخانەی بەغدا لە دابەزیندا بەكر بكوژن، ڕیزی دووەم بە ناوی بەرگرییەوە ئەندامانی ڕیزی یەكەم بكوژن، ڕیزی سێیەم كە نزیكەكانی سەددام بوون ڕیزی دووەم بكوژن و تەنها ئەم تاقمە بمێنن كە زۆر باوەڕپێكراوی سەددام بوون، بەڵامKGB پێشتر كودەتاكەی بۆ بەكر ئاشكرا كرد، ئەوە بوو نازم گزار كە بەرپرسی ئەمنی عامەی عێراق بوو، وەزیری بەرگری حەمادی شیهاب و وەزیری ناوخۆ سەعدوون غێدانی دەستگیر كرد، شیهابی كوشت و غێدانیشی بە سەختی بریندار كرد و پاشان ئیفلیج بوو، كە گزار دەستگیر كرا، بەبێ دادگایەكی ڕەسمی بە فیتی سەددام گولـلەباران كرا و سەری تیا چوو.. ئێمەی كورد لەم شێتخانەیەدا دەژیاین!!

ئەو ڕژێمە سەرپەڕێنە دەستی لە وەزیر و گوزیر و سەركردەكانی خۆشیان نەپاراستووە، نزیكترین و گەورەترین بەعسییەكانی بە ئەشكەنجە و ژەهر و گوللەبارانكردن لەناو بردووە، حەردان تكریتی و فوئاد ڕەكابی و ساڵح مەهدی عەماش و عەبدولخالق سامەڕائی و محی مەشهەدانی و عەدنان حوسێن و محەمەد عایش و غانم عەبدولجەلیل دەیانی تریش لە كۆبوونەوەی هۆڵی خولد ساڵی ١٩٧٩ سەرنگوم و بێسەروشوێن كران.

من هەموو جارێك بیر لەو كەسانە دەكەمەوە كە دوایین فیشەكیان بە ئەنفالكراوەكانەوە ناوە، هەرگیز بە ئاستی گزار و ڕەكابی و تكریتی و سامەڕائی گرنگ نەبوون بۆ بەعس، بۆیە ڕەنگە ئەمانیش هەموویان بە دەردی ئەوانی تر ڕۆشتبن و دوای تەقەكان هەموویان كوژرابن، ئەگینا لە كوێن؟