جیاوازی نێوان سیتی سکان و ئێم ئاڕ ئای چییە؟

١٧ ئایاری ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

لە جیهانی پزیشکی هاوچەرخدا، تەکنەلۆژیای وێنەگرتنی پزیشکی ڕۆڵێکی یەکلایکەرەوە دەگێڕێت لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکاندا، سیتی سکان و ئێم ئاڕ ئای دوو لە گرنگترین و باوترین جۆرەکانی وێنەگرتنی ناوەوەی جەستەن.

سیتی سکان (CT Scan) چییە؟

سیتی سکان یان پشکنینی تیشکیی کۆمپیوتەری، سیستەمێکە کە تیشکی ئێکس (X-ray) بەکاردەهێنێت بەڵام بە شێوازێکی پێشکەوتووتر، ئامێرەکە لە کاتی کارکردندا بە دەوری جەستەی نەخۆشەکەدا دەخولێتەوە و چەندین وێنەی ورد لە گۆشەی جیاوازەوە دەگرێت، پاشان کۆمپیوتەرەکە ئەو وێنانە یەکدەخات بۆ دروستکردنی وێنەیەکی سێ دووری لە ئەندامەکانی ناوەوە.

ئێم ئاڕ ئای (MRI) چییە؟

ئێم ئاڕ ئای یان وێنەگرتن بە لەرەلەری موگناتیسی،ئەم جۆرەیان هیچ جۆرە تیشکێکی تێدا بەکارنایەت، ئەم تەکنەلۆژیایە پشت بە شەپۆلە موگناتیسییە بەهێزەکان و شەپۆلەکانی ڕادیۆ دەبەستێت بۆ هاندانی ئەتۆمەکانی هایدرۆجین لە جەستەی مرۆڤدا، لە ڕێگەی گەڕانەوەی ئەو شەپۆلانەوە وێنەیەکی یەکجار ورد و ڕوون لە شانە نەرمەکانی جەستە پێشکەش بە پزیشک دەکات.

جیاوازییە سەرەکییەکان:

1- جۆری تەکنەلۆژیا و سەلامەتی
سیتی سکان تیشکی ئێکس بەکاردەهێنێت، بۆیە ڕێژەیەکی کەم لە تیشکدانەوە دەگاتە جەستە (پێویستە ژنانی دووگیان لێی دووربکەونەوە), بە پێچەوانەوە ئێم ئاڕ ئای تیشکی تێدا نییە و سەلامەتترە، بەڵام بەهۆی موگناتیسە بەهێزەکەیەوە، ئەو کەسانەی پاتری دڵ یان پارچەی ئاسنیان لە جەستەدا چێنراوە ناتوانن بەکاری بهێنن.

2- کاتی پشکنین و خێرایی
سیتی سکان زۆر خێرا جێبەجێ دەکرێت و تەنها چەند خولەکێکی کەم دەخایەنێت، هەر بۆیە لە بارودۆخە بەپەلەکانی وەک ڕووداوی هاتوچۆ یان جەڵتە بەکاردێت، بەڵام ئێم ئاڕ ئای پڕۆسەیەکی هێواشە و پێویستی بە 20 بۆ 60 خولەک هەیە، نەخۆشەکە دەبێت بە تەواوی بێدەنگ و بێجووڵە لە ناو ئامێرەکەدا بمێنێتەوە.

3- شوێنی بەکارهێنان و جۆری ئەندامەکان
سیتی سکان باشترینە بۆ وێنەگرتنی ئێسکەکان، پێکانە توندەکان، دۆزینەوەی شێرپەنجە لە سییەکان و دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانی سنگ
و سک، لە بەرامبەردا، ئێم ئاڕ ئای پاشای وێنەگرتنی شانە نەرمەکانە وەک مێشک، دڕکەپەتک، دەمارەکان، بەستەرەکانی ئەژنۆ و ماسولکەکان.

4- تێچووی دارایی
سیتی سکان لە ڕووی داراییەوە هەرزانترە و لە زۆربەی نەخۆشخانەکاندا بەردەستە، بەڵام ئامێری ئێم ئاڕ ئای تێچووی کڕین و چاککردنەوەی زۆر بەرزە، بۆیە نرخی پشکنینەکەی بۆ نەخۆش گرانترە.

دیاریکردنی ئەوەی کام پشکنین گونجاوە، تەنها لە دەسەڵاتی پزیشکی پسپۆڕدایە، چارەخواز دەبێت تەنها بە بڕیاری پزیشکی پسپۆڕ ئەم پشکنینانە ئەنجام بدات.