١٦ ئایاری ٢٠٢٦
لەگەڵ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی سیاسی لە عێراقدا، حکومەتەکەی عەلی زەیدی بە کارنامەیەکی گشتگیر بۆ ساڵانی (٢٠٢٦-٢٠٢٩) هاتە کایەوە، کە لە ژێر دروشمی "دەوڵەتێکی سەقامگیر – ئابورییەکی بەرهەمدار – هاوبەشی هاوسەنگ"دا بەرجەستە کراوە.
خوێندنەوەی ورد بۆ ئەم کارنامەیە دەری دەخات کە حکومەتەکەی زەیدی دەیەوێت لە چوارچێوەی "مەنهەجی وەزاری"دا، چەمکی دەوڵەتداری لە کایەیەکی تەقلیدییەوە بۆ کایەیەکی مۆدێرن و کارا بگوازێتەوە. لێرەدا دەوڵەتی سەقامگیر وەک بناغەیەک دەبینرێت کە تەنها بە سەقامگیری ئەمنی نایەتە دی، بەڵکو پێویستی بە سەروەری یاسا و چاکسازیی ڕیشەیی لە دامەزراوەکاندا هەیە.
لایەنی ئابوری و دارایی لەم بەرنامەیەدا بە بڕبڕەی پشتی گۆڕانکارییەکان دادەنرێت. گواستنەوە لە ئابورییەکی تەنها بەکاربەر و پشتبەستو بە نەوتەوە بۆ "ئابورییەکی بەرهەمدار" ئەرکێکی قورسە، بەڵام مەنهەجی وەزاری ئاماژە بەوە دەکات کە بەبێ کاراکردنی کەرتی تایبەت و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی، ناتوانرێت ڕوبەڕوی قەیرانی بێکاری و هەڵاوسان ببنەوە.
ڕۆڵی پارتە سیاسییەکان و گروپە چەکدارەکان لە داڕشتنەوەی بەرنامەی حکومەتەکەی عەلی زەیدیدا، ڕۆڵێکی نەخشێنەر و بنەڕەتی بوە کە وای کردوە دەقی بەرنامەکە لە پلانێکی گەشەپێدانەوە بگۆڕێت بۆ "پەیماننامەیەکی سیاسی" بۆ مانەوەی دۆخی ئێستا.
پارتە سیاسییەکان لە ڕێگەی فشارەکانیانەوە توانیویانە دروشمی "هاوبەشی هاوسەنگ" بخەنە ناو ناوەڕۆکی بەرنامەکەوە، کە ئەمە لە واقیعدا گەرەنتییەکە بۆ بەردەوامیی "سیستەمی پشکپشکێنە" و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، بە جۆرێک کە هیچ چاکسازییەکی ئابوری لە چوارچێوەی "ئابورییەکی بەرهەمدار"دا نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئەو ئیمتیازاتە داراییانەی کە حزبەکان لە ڕێگەی کەرتی گشتی و گرێبەستەکانەوە بەدەستی دەهێنن.
لە ئەنجامدا، ناوەڕۆکی ئەم بەرنامەیە ڕەنگدانەوەی ئەو سازشە سیاسییە قورسەیە کە عەلی زەیدی ناچار بوە لەگەڵ ئەم جەمسەرە جیاوازانەدا ئەنجامی بدات، تاوەکو دڵنیابێت لەوەی بەرنامەکەی لە پەرلەمان تێدەپەڕێت و لەسەر زەویش ڕوبەڕوی بەربەستی ئەمنی نابێتەوە، کە ئەمەش وای کردوە زۆرێک لە بڕگە چاکسازی خوازەکان لە ترسی کاردانەوەی ئەو پارت و گروپانە بە شێوەیەکی گشتگیر و ناڕون بمێننەوە.
لە ناوەڕۆکی بەرنامەی حکومەتەکەی عەلی زەیدیدا، مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ژێر چەتری دروشمی "هاوبەشی هاوسەنگ"دا جێگیر کراوە و جەخت لەسەر میکانیزمێکی یاسایی و دارایی نوێ دەکرێتەوە . سەبارەت بە پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی، بەرنامەکە ئاماژە بەوە دەکات کە دابەشکردنی بودجە لەسەر بنەمای "پابەندییە دەستورییەکان" دەبێت.
لە پەیوەندی بە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەرنامەکەی زەیدی میکانیزمی "بەبانکیکردنی موچە" وەک چارەسەرێکی بنەڕەتی دەخاتە ڕو، تاوەکو موچەخۆرانی هەرێم ڕاستەوخۆ و دور لە ململانێ سیاسییەکان شایستە داراییەکانیان وەربگرن، ئەمەش وەک بەشێک لە کارنامەی حکومەت بۆ چەسپاندنی سیستەمی ئەلیکترۆنی لە خەرجییەکاندا هاتوە.
سەبارەت بە میکانیزمی بەڕێوەبردنی داهاتە نانەوتییەکان، بەرنامەکە جەخت لەسەر "یەکخستنی سیستەمی گومرگی و باج" دەکاتەوە، بە جۆرێک کە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم بە وردی لە ڕێگەی ژمێرەی خەزینەی دەوڵەتەوە ڕێکبخرێن و لە بەرامبەردا حکومەتی ناوەندی تەنها پابەند بێت بە ناردنی شایستە داراییەکان بەبێ ئەوەی باس لە ناردنی "/شایستە داراییەکانی" هەریمی كوردستان بكات .
ڕۆڵی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە داڕشتنەوەی بەرنامەی حکومەتەکەی عەلی زەیدیدا، لە ڕێگەی فشارە ناڕاستەوخۆکان و جەختکردنەوە لەسەر "چاکسازیی ستراتیژی" لە سێکتەرە هەستیارەکاندا بە ڕونی دەردەکەوێت.
ناوەڕۆکی ئەم بەرنامەیە لە چەندین بڕگەدا ڕەنگدانەوەی کارنامەی واشنتۆنە بۆ عێراق، بەتایبەت لە چەسپاندنی دروشمی "ئابورییەکی بەرهەمدار" کە تێیدا جەختێکی زۆر لەسەر چاکسازی لە سیستەمی بانکی، کاراکردنی سەکۆی ئەلیکترۆنی بۆ گواستنەوەی دراو، و کەمکردنەوەی هەژمونی وڵاتانی دراوسێ لەسەر سێکتەری وزە کراوەتەوە.
ئەمریکا لە ڕێگەی وەزارەتی گەنجینە و باڵیۆزخانەکەیەوە کاریگەرییەکی بنەڕەتی هەبوە لەوەی کە بەرنامەکەی زەیدی پابەند بێت بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی شەفافییەت و بەرەنگاربونەوەی سپیکردنەوەی پارە، کە ئەمەش وەک مەرجێکی سەرەکی بۆ بەردەوامیی پاڵپشتییە دارایی و سیاسییەکان بۆ حکومەتەکەی لەقەڵەم دراوە.
هەروەها لە ڕەهەندی ئەمنییەوە، چەمکی "دەوڵەتێکی سەقامگیر" لە کارنامەکەدا بە جۆرێک داڕێژراوە کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و کۆنترۆڵکردنی چەکی دەستی گروپەکان بگونجێت، هەرچەندە ئەمە بە زمانێکی دیپلۆماسییانە نوسراوە بۆ ئەوەی ڕوبەڕوبونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ لایەنە ناوخۆییەکان دروست نەکات.
لە گۆشەنیگایەکی ڕەخنەییەوە بۆ ناوەڕۆکی بەرنامەی حکومەتەکەی عەلی زەیدی، دەردەکەوێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک "لایەنێکی سەرەکی و هاوبەش" لە قۆناغی داڕشتنەوە و نواندنی ڕاو بۆچونەکاندا پەراوێز خراوە و بانگێشت نەکراوە بۆ ئەوەی بەشداربێت لە دیاریکردنی ئەو بڕگانەی کە پەیوەندییان بە بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێم و مافە دەستورییەکانیەوە هەیە.
ئەم بەرنامەیە زیاتر وەک دیدگایەکی ناوەندیی یەکلایەنە دەردەکەوێت کە تێیدا فیدراڵی تەنها وەک دەستەواژەیەکی شکڵی بەکارهاتوە، نەک وەک پرۆسەیەکی سیاسیی دوقۆڵی کە تێیدا ڕەزامەندی و تێڕوانینی هەرێم بۆ چەسپاندنی مافە دەستورییەکانی لەبەرچاو گیرابێت.
نەبونی ئەم بانگێشتە فەرمییە و وەرنەگرتنی ڕای ڕاستەوخۆی دامەزراوەکانی هەرێم لە کاتی نوسینەوەی کارنامەکەدا، ئاماژەیەکی ڕونە بۆ ئەوەی کە حکومەتەکەی زەیدی دەیەوێت "نەخشەڕێگایەکی پێشوەختە" بسەپێنێت کە تێیدا هەرێم تەنها وەک جێبەجێکارێکی بڕیارەکانی ناوەند دەربکەوێت، نەک وەک هاوبەشێکی خاوەن بڕیار لە داڕشتنی سیاسەتە دارایی و ئابوریی.
ئەم شێوازە لە مامەڵەکردن، نەک هەر چارەسەری ڕیشەیی بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکان فەراهەم ناکات، بەڵکو ئەم بەرنامەیە لەبری پاراستنی مافە دەستورییەکان، زیاتر بەرەو بچوککردنەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان و چڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە دەستی بەغدادا هەنگاو دەنێت.
