وەزیری ناوخۆی پاکستان گەیشتە تاران

١٦ ئایاری ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

بە مەبەستی نێوەندگیری و کاراکردنەوەی گفتوگۆکانی ئاشتی لە نێوان ئێران و ئەمریکا، وەزیری ناوخۆی پاکستان، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تاران.

ئەمڕۆ شەممە 16ـی ئایاری 2026، موحسین نەقوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان گەشتە تاران و بە گوێرەی ئاژانسەکان، ئامانجی ئەم سەردانە گەیشتنە بە "چوارچێوەیەکی رێککەوتنی دیاریکراو".

بەپێی زانیارییەکان، لایەنی ئەمریکی داوای وەڵامی چەند خاڵێکی ورد دەکات کە واشنتن داوای کردووە.

ئاژانسەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، "بەرەوپێشچوونی باش" لە پرسی گەرووی هورمزدا هەیە و جەختیان کردووەتەوە کە "هیچ جێگرەوەیەک بۆ رێککەوتنێکی کاتی لە نێوان ئەمریکا و ئێران لە ئارادا نییە".

ئەمەش لەکاتێکدایە، پێشتریش محەمەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، هۆشداری دابووە ئەمریکا، کە دەبێت "پێشنیازە 14 خاڵییەکەی ئێران" قبووڵ بکەن، ئەگەر نا رووبەڕووی شکستی یەک لە دوای یەک دەبنەوە.

ئەم لێدوانەی قالیباف دوای ئەوە هات کە ترەمپ پێشنیارێکی پێشووی ئێرانی رەت کردەوە و رایگەیاند کە ئاگربەستەکە لە دۆخێکی مەترسیدایە.