عەلی زەیدی یەک هەفتە مۆڵەت دەداتە وەزیرەکان

١٦ ئایاری ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

عەلی زەیدی لە یەکەم کۆبوونەوەی کابینەکەیدا بڕیاریدا سەرجەم وەزیرەکان سەروەت و سامانی داراییان لە ماوەی یەک هەفتەدا ئاشکرا بکەن

ئەمڕۆ شەممە ،16ـی ئایاری 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی یەکەمین کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی کرد و زنجیرەیەک رێنمایی بۆ باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزاری و ئابووریی وڵات دەرکرد.

بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کێشەی وەزارەتەکان و داڕشتنی نەخشەڕێگەیەک بۆ چارەسەرکردنیان کرا، بە جۆرێک کارنامەی حکومەت لە خزمەت خەڵکدا بێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت سەرجەم وەزیرەکان سەروەت و سامانی داراییان لە ماوەی یەک هەفتەدا ئاشکرا بکەن

گرنگترین رێنماییە کارگێڕییەکانی سەرۆکوەزیران:

● پێویستە وەزیرەکان لە ماوەی هەفتەیەکدا سەروەت و سامانی خۆیان ئاشکرا بکەن.

● لە ئێستادا هیچ گۆڕانکارییەک لە پۆست و پێکهاتەی وەزارەتەکاندا ناکرێت.

● هەر وەزارەتێک لە ماوەی 30 رۆژدا دەبێت کارە لەپێشینەکانی بۆ ناو کارنامەی حکومەت دیاری بکات.

● بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیرەکان دەبێت تەنها لە فەرمانبەرانی خودی وەزارەتەکان بێت.

● مامەڵەکردن لەگەڵ باڵیۆزەکان دەبێت بەپێی رێکارە فەرمییەکان و بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزارەتی دەرەوە بێت.

● هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ پەرلەمان و لیژنە پەرلەمانییەکان بۆ بەهێزکردنی رۆڵی چاودێری بکرێت.

● ئاسانکاریی تەواو بۆ راییکردنی مامەڵەی هاونیشتمانیان بکرێت و رۆتین کەم بکرێتەوە.

● لەپێشینەی کارەکان بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و هاوئاهەنگی بێت لەگەڵ دەستەی دەسپاکی بۆ گێڕانەوەی پارە دزراوەکان.

● کارکردن بە سیستمی "تاک پەنجەرە" بۆ وەبەرهێنان و دوورخستنەوەی دامەزراوەکان لە ململانێی حیزبی و سیاسی.

● وەزیرەکان دەبێت سەردانی مەیدانی بکەن بۆ ئاگاداربوون لە کێشەی خەڵک و چارەسەرکردنیان.