١٤ ئایاری ٢٠٢٦
ڕەنگە پێویست نەکات هەموو کاتێک ئەوە بیر خۆمان و بیری قارداش و دۆست و ئاشنا بخەینەوە کە شەمسەدین سامی لە بارەی کەرکووکەوە وتوویەتی، ئێ شەمسەدین سامی باسی ناو کەرکووک دەکات خۆ دێ بە دێ نەگەڕاوە، دڵنیام ئەگەر وردتر گەڕابا لەوە زیاتری دەگوت کە کەرکووک سێ لە سەر چواری کوردە، کوردێک بۆ گیان خۆی نەبێت ڕقی لە کەسی تر نییە، هەمیشە دەرگای ماڵ و نیشتمانی بۆ بەلەنگاز و دەربەدەر و ماری شێخ هۆمەر کردووەتەوە و هەمیشە دابەش و داگیر کراوە، لەم ڕۆژانە بۆ پەردە لادان لە سەر دیواربەندی شەهید و ئەنفالی ئاوای شێخ حەمید چووینە بنار گل، گەلۆ گاز و غازی ئەو گەرمەسێرە خەریکە نەهەنگ و عەزیای حەوت سەر و ملیاردێر دروست دەکات کەچی نە ڕێگە و بانی باش، نە ئاو نە ئاوەدانی تەنیا یادەوەری داستان و بەرخودان و ئەنفال و نەهامەتی، لە کۆرومۆرەوە غاز بە بۆڕی دەگاتە کۆشکی جانقایە، کەچی جادەیەک لە چەمچەماڵەوە ناگاتە کۆرومۆر.
ئەمە هەمووی دەردەدڵە و مەسەلەکە لەوە گەورەترە من ئاگادار بووم پارێزگارە کوردەکەی پێش قارداش محەمەد سەمعان پڕۆژە و بەرنامەی زۆری هەبوو بۆ کەرکووک یەکێک لە کارە هەرە باشەکانیشی ئەوە بوو جادەی کەرکووک سلێمانی لانی کەمی تا بانی مەقان چاک بکات، جادەیەک کە بەناو نێودەوڵەتییە و بە سیمای گوندیش نییە ئێ من دەزانم لە ڕابردوودا ناڵێم لە سەردەمی پاشایەتی و بەعسدا لە سەردەمی فیدراڵیدا دوو جار هەر ئەوەی من زانیاریم هەبێت جگە لە دزینی نەوت و سەروەت و سامانی ئەم شارە پارەی شارەکە حەپەلووش کرا، جارێکیان باس لە سەرووی 90 ملیۆن دۆلار کرا کە لە تورکیا حەپەلووش کرا و نابێت کەسیش باسی بکات، گەلۆ کێ هەیە لە دنیادا بەو ڕادەیە چاوپۆشی لە هەقی خۆی بکات خەڵکی ئەم وڵاتە نەبێت، جارێکی تریش بڕێکی کەمتر لەوە بڕیار بوو بگاتە کەرکووک هەرگیز نەگەیشت، ئێستا دەکرێت لانی کەم ئەو پارێزگارە قارداشەمان بەوە چاکەی کورد بداتەوە ئەو جادەیە نەک تا بان مەقان بگرە تا تەکێ چاک بکات، هەرنا بۆ ئەوەی منداڵە چاوگەشە تورکمانە خوشک و براکان کە دێن بۆ شەمێران و دوورگەی ئەسپەکان و ئەحمەدئاوا و سەرچنار سەریان نەدات لە میچی ئۆتۆمبێلەکە و ترومێلەکانیان تاسە نەکات.
من دەزانم دەردەکورد کێشەی زۆری بۆ ئەم شارە دروست کردووە لەوەش دڵنیام ئەگەر دەردەکورد نەبوایە لە 2003ەوە ئێستا کەرکووک لە بارودۆخێکی زۆر جیاوازتردا دەبوو، ڕاستە یار و نەیار چاویان لە سەر کەرکووک بوو، لێ هیچی وەکوو ئەوە نەبوو کە کوردە حەیاتەکە خۆی پاشقولی لە خۆی دەدا، خەڵک شەڕیان لە سەر حەپەلووشکردنی کەرکووک دەکرد و نەوت و سامانەکەیان بە ئاسانترین ڕێگە دەبرد، کوردە بۆرەش خەریکی شەڕکردن بوون لە سەر بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک، یان چۆن دەبێت جەنابی پارێزگار دوو جار بچێتە زۆنی سەوز و جارێک نەچێتە زۆنی زەرد، خۆ ئەم چیرۆکە هەموو دەیزانین، بەڵام هەن بە هیچ جۆرێک خۆیان لە قەرەی نادەن، لە ڕاستیدا کەس ئەوەندەی کورد باوەڕی بە پێکەوەژیان نییە لەگەڵ ئەوانی تر، کەسیش ئەوەندەی کورد ڕقی لە پێکەوەژیان نییە لەگەڵ خۆی ئەرێ ئەم گرێ و گۆڵە کێ دەیکاتەوە، مادام کوردە ناچمە لای پیرۆزبایی لێ ناکەم مادام تورکمانە چەپکە گوڵی تایبەتی بۆ دەبەم و لە ئامێزی دەگرم باسی دیارنەمانی ئاڵاکەش ناکەم.
سێ گرووپی عەرەبی لە کەرکووک دەبنە یەک، بەڵام کوردە حەیاتەکە نا، ئەوەی عەرەبی کەرکووکی یەکخست، ناهێڵێ کوردی کەرکووک ببنە یەک.
%20(5).png&w=3840&q=75)