بەراوردەکە بۆ ئێوە بەجێ دێڵم و بڕیاری خۆتان بدەن

١٢ ئایاری ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

دەوڵەتی یۆگسلافیای یەکگرتو، لە کۆتایی دووەم جەنگی جیهانی بە شێوە تازەکەی لەسەر دەستی (جۆزێف برۆز تیتۆ) پێکهات، لە ساڵی ١٩٧٤ بە پێی دەستور، ناوەکەی گۆڕدرا بۆ کۆماری یۆگسلافیای شوسیالیستی فیدرالی کە بریتیبوو لە شەش کۆمار و دوو دەڤەر، لە ساڵی ١٩٨٩دوای گەشەسەندنی هەژمونی نەتەوایەتی و مردنی دامەزرێنەرەکەی، دواجار و دوای کێشمەکێشەکی خوێناوی کە لێرە جێی گێڕانەوە نیە، چۆن کۆمارەکە لێک هەڵوەشایەوە، چونکە من لەم نوسینەم دەمەوێت تیشک بخەمە سەر کۆماری کرواتیای جیابۆوە کە کۆی روبەرەکەی کەمێک زیاترە لە (٥٦٠٠٠)پەنجاوشەش هەزار کیلۆمەتری چوارەگۆشە و ژمارەی دانیشتوانەکەشی دەوروبەری ( ٣٨٠٠٠٠٠ ) سێ ملیۆن و هەشت سەد هەزار کەس دەبن.

کرواتیا لە ١٩٩١سەربەخۆیی خۆی راگەیاند ،بەڵام بە هۆی شەڕەوە کە نزیکەی ٤ساڵ و ٧ مانگ و ١٢ رۆژی خایاند، بەو هۆیەوە لە دۆخێکی زۆر خراپی ئابووریدا بوو، واتە جیابوونەوەکە ئاسایی نەبوو، بگرە خراپیش شکایەوە بەسەر نەتەوە و نیشتیمانەکەیان، دەتوانم بڵێم بە ژێرخانەکی وێرانەوە چونە ناو ئەزمونی سەربەخۆیی، بۆیە لەسەر سواڵ و سەدەقە و هاوکاری ئەملا و ئەولاوە دەژیان، بەڵام کە خاتونە شۆخ و شەنگەکە(کۆلیندا گرابار گیتارۆفیچ) لە ٢٠١٥بووە سەرۆکی وەزیرانی ئەو وڵاتە کە تا ٢٠٢٥ مایەوە واتە دوو خول لەسەر یەک، دەستی بە هەڵمەتی چاکسازی و بونیاتنانەوە لەسەر هەموو ئاستەکان کرد، لە ماوەیەکی کەمدا ئەو وڵاتە کۆست کەوتوە، بە خێرایی بەرەو پێشەوە هەنگاوی نا، سەرەنجام وایکرد ببێتە خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی ئەو وڵاتە و رێز و تەقدیری وڵاتانیتریش.

من لێرەدا بە گرنگی دەزانم بەشێک لە کارە گرنگەکانی بخەمەڕو و بەراوردی بکەم لەگەڵ ئەوەی هەرێم تێیکەوتوە، بەڵکو دواجارئەو برادەرانەش هۆشیان بێتەوە سەر و کەمێک وەکو ئەو خاتونە بکەن، لە گرنگترینیان:

١-بڕیاریدا هیچ قەرزەک، لە بانکی نێودەوڵەتی نەکات، لەگەڵ ئەوەی دەوڵەت بوون، بۆیان هەبوو قەرز بکەن، ئەوەش بۆ ئەوەی وڵاتەکەیان قەرزار نەبێت، مخابن هەرێم بە هۆی بێ پلانیەوە(٣٢) ملیار قەرزارە، تا کوڕ و نەوەکانمان دەبێت هەر قەرز بدەینەوە.

٢-٣٥ ئۆتۆمۆبیلی مارسیدسی گرانبەهای تایبەت بە هاتوچۆی وەزیرەکانی فرۆشت و پارەکەشی گەڕاندەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، لای خۆمان ساڵانە سەیارەی بەپرسەکان دەگۆڕدرێن، هەندێ بەرپرسیش دەبێت (٣٠–٤٠) سەیارەی وەک یەک و هەمویان یەک ژمارە یان بێ ژمارە ، بە دواوەیان بێت کە پارەکەش لە خەزێنەی ئەم گەلە بەشمەینەتە دەردەکرێت.

٣-بە تەواوی فرۆشتنی کەرتە خزمەتگوزاری و ستراتیجیەکانی قەدەغە کرد، بۆ ئەوەی بە پێی یاسا بەرکارەکانیان لە خزمەتی گشتیدا بن، لای ئێمە هەر رۆژە و بڕیار و رێنماییەک دەردەکەن بۆ بە تایبەت کردنی کەرتە خزمەتگوزاریەکان بە پەروەردە و تەندروستیشەوە.

٤-موچەی خۆی وەکو سەرۆک وەزیران بۆ ٣٠% کەمکردەوە، لەگەڵ وەزیر و بەرپرسە باڵاکانیش، بۆ ئەوەی لەگەڵ چینی مام ناوەند هاوسەنگ بێت، هی هەرێمەکەی خۆمان قەناعەتیان بە موچە قەبەکانیان نیە و نەسریەشی دەخەنەسەر، بەوەش دڵیان ئاوناخواتەوە دەبێت دەوروبەریشیان ئیمتیازباران ببن.

٥-هەموو جۆرە باجێکی لەسەر چینە کەمدەرامەتەکان لادا، بۆ ئەوەی بە باشی بژین، لێرە ئەو حیسابە هەر نەکراوە، هەموو کەس دەبێت باج بدات، ئیتر چۆن دەژیت ئەوە خۆی بەپرسە.

٦-بە هەموو شێوەیەک دژی گەندەڵی و دەست پیسی لە جومگەکانی دەوڵەت تا سنوری بنبڕکردن وەستایەوە، بە داخەوە گەندەڵی لەم وڵاتە بۆتە مۆتەکە بیناقاقای گرتوینەتەوە و بەری نادات، کێشکەش لەوەدایە قەناعەتیشیان نایێت هەر دەڵێن با بێت.

٧-هەموو جۆرە ئیمتیازەکی وەک بەرزکردنەوەی موچە و سەر موچە و دەرماڵەی لە وەزیرەکان و سلکی دبلۆملسی و فەرمانبەرە گەورەکان قەدەغەکرد، لێرە پێچەوانەکەی راستە هەموو ئەو ئیمتیازاتانە بۆ ئەوانە فەراهەم کراوە تەنها بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران نەبێت.

٨-لەسەر ئاستی دەرەوەش ژمارەی سەفارەتەکان و کاردارەکان و نوێنەرایەتیەکانی کەمکردەوە، بۆ ئەوەی خەرجیەکان کەمبێتەوە، کەچی لای خۆمان چەندین نوێنەرایەتی هەیە بە خەرجیەکی زۆرەوە کە هەندێکیان ئیش و کاریان زۆر کەمە، ئەمە لە کاتێکدا حیزبەکانیش ئۆفیس و نوێنەرایەتیان هەیە.

٩- فڕۆکە تایبەتەکەی سەرۆکایەتیشی فرۆشت و وتی ئەوە پێویست ناکات، بۆ سەفەرکردن ئاساییە تکتی فڕۆکەی گشتی ببڕدرێت و کارەکان جێبەجێبکرێت، کەچی لەم وڵاتەی خۆمان برادەران فڕۆکەی هەلیکۆپتەر و بچوکی تایبەت و بە دووریشی نازانم لە ئاییندەدا فڕۆکەی گەورە و سپێشەل بکڕن ، بۆ ئەوەی لە کاتی گەشتدا جێی حەشەم و خەدەم و دەستوپێوەندەکانیش ببێتەوە.

دوای خستنەڕوی کار و کردەوەکانی ئەو خاتونە بۆ خزمەتکردنی وڵاتەکەی کە لە ماوەی ١٠ ساڵدا گۆڕانکاری گەورەی بەسەر ژیانی خەڵک و کۆی جومگەکان داهێنا، هەروەها ئەوانەی لای خۆمان لە ماوەی ٣٤ ساڵدا هێشتان ژیانی خەڵک شێوە دەڵەمەییە بە بایەکی سارد یا گەرم دەکەونە گیانەڵڵا جگە لەوانەی لەسەر ئێسک و بروسکی کۆمەڵگه دەژین، دواجار بەراوردەکە بۆ ئێوە جێ دێڵێم بڕیاری خۆتان بدەن، لە نێوان ئەو دوو لایەنە کێ شایەنی ئەوەیە ناوی هەمیشە لە زاکیرەی گەلەکەی زیندوو بێت، کێش پێویستە لەبیر بکرێت.