١٢ ئایاری ٢٠٢٦
بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا جێبەجێکردنی سزای فڕێدانی زبڵی لەناو ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلەوە بۆ سەر شۆستە و شەقامەکان راگەیاند.
دەقی راگەیەندراوەکە:
ئاماژە بە نوسراوی وەزارەتی ناوخۆ/ بەڕێوەبەرایەتی گشتی دیوان/ ب.کارگێڕی و سەرچاوە مرۆییەکان ژمارە (13567) لە 11ی 5ی 2026، بە پشت بەستن بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (79)ی ساڵی 2016، لە خشتەی دووەم، خاڵی (8)، ئاگاداری شۆفێران و سەرنشینان دەکیەنەوە کە:
یەکەم: بۆ پاراستنی ژینگە و راگرتنی پاک و خاوێنی کوردستان، قەدەغەیە شۆفێر یان سەرنشین، لە کاتی رۆیشتن یان وەستانی ئۆتۆمبێل، هەر جۆرە زبڵ و خاشاکێک فڕێ بداتە سەر شەقام و شۆستەکان.
دووەم: بە پێچەوانەوە، بڕی (40،000 چل هەزار دینار) سزای دارایی بۆ هەر سەرپێچیەک بۆ ئۆتۆمبێل/ یان ماتۆڕسکیل رەوانە دەکرێت کە سەرپێچییەکەی تێدا ئەنجام دراوە.
سێیەم: ئەم سزایە زیاد دەکرێت بۆ هەموو سیستمەکانی تۆمارکردنی سەرپێچی وەکو PDA و کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی و چاودێری.
چوارەم: دەسەڵات دەدرێتە ئەفسەری هاتووچۆ بۆ سەپاندنی ئەو سزایە راستەوخۆ لە کاتی بینینی، یان لەو کاتەی بە ڤیدیۆی تۆمارکراو لە لایەن هاوڵاتییانەوە بۆ پلاتفۆرمەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ رەوانە دەکرێت.
پێنجەم: داوا لە هاونیشتیمانیان دەکەین هاوکاری پاراستنی ژینگە بکەن و خۆیان لە فڕێدانی زبڵ و خاشاک بپارێزن، هەروەها هاوکاربن لە ئاگادارکردنەوەی پۆلیسی هاتووچۆ لە سەرپێچیکاران بە ناردنی ڤیدیۆ و وێنە.
راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی هەرێم
12ی ئایاری 2026
