١٠ ئایاری ٢٠٢٦
ئۆتیزم کە بە زانستی بە کۆنیشانەی تێکچوونی شەبەنگی ئۆتیزم ناسراوە، تێکچوونێکی گەشەی دەمارییە کە کار دەکاتە سەر چۆنیەتی پەیوەندی و کارلێکی کەسەکان لەگەڵ دەوروبەریان، ئەم تێکچوونە لە منداڵییەوە دەردەکەوێت و دەبێتە هۆی ئەوەی کەسی تووشبوو لە تێگەیشتن لە ئاماژە کۆمەڵایەتییەکان، زمان و دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ کەسانی تردا ڕووبەڕووی ئاستەنگ ببێتەوە، ئۆتیزم نەخۆشی نییە کە چارەسەری هەبێت، بەڵکو جۆرێکە لە جیاوازی لە کارکردنی مێشکدا کە پێویستی بە تێگەیشتن و پاڵپشتی هەیە.
هۆکارەکانی تووشبوون بە ئۆتیزم
تا ئێستا زانست هۆکارێکی دیاریکراوی بۆ ئۆتیزم نەدۆزیوەتەوە، بەڵام توێژینەوەکان دەریدەخەن کە کۆمەڵێک هۆکار بەیەکەوە کار دەکەن بۆ دروستبوونی ئەم تێکچوونە:
1- هۆکاری بۆماوەیی (جینات)
بۆماوەیی بە سەرەکیترین هۆکار دادەنرێت، توێژینەوەکان دەریدەخەن کە هەندێک گۆڕانکاری لە جینەکاندا دەبنە هۆی تێکچوونی گەشەی مێشک، ئەگەر خێزانێک منداڵێکی ئۆتیزمی هەبێت، ئەگەری تووشبوونی منداڵەکانی دیکەیان زیاترە، ئەمەش هێز و کاریگەری جینات دەسەلمێنێت.
2- تەمەنی دایک و باوک
هەندێک توێژینەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرزبوونەوەی تەمەنی دایک و باوک (بەتایبەت باوک) لە کاتی منداڵبووندا، ئەگەری تووشبوونی منداڵ بە ئۆتیزم زیاد دەکات، ئەمەش ڕەنگە پەیوەندی بە گۆڕانکارییە سروشتییەکانی ناو جینەکانەوە هەبێت لەگەڵ تەمەندا.
3- هۆکارە ژینگەیییەکان بەر لە لەدایکبوون
بەرکەوتنی دایک بە هەندێک جۆری ژەهر، پیسبوونی هەوا، یان تووشبوون بە هەندێک هەوکردنی ڤایرۆسی لە کاتی دووگیانیدا، ڕەنگە کاریگەری هەبێت لەسەر پڕۆسەی گەشەی مێشکی کۆرپەلە.
4- کێشەکانی کاتی دووگیانی و لەدایکبوون
لەدایکبوونی پێشوەختە (بەر لە کاتی دیاریکراو) یان کەمبوونی کێشی منداڵ لە کاتی لەدایکبووندا، وەک هۆکاری یاریدەدەر بۆ زیادکردنی ئەگەری تووشبوون بە ئۆتیزم ئەژمار دەکرێن.
5- گەشەی دەماری و مێشک
توێژینەوە پزیشکییەکان دەریدەخەن کە مێشکی کەسانی ئۆتیزم لە ڕووی پێکهاتە و چۆنیەتی پەیوەندی نێوان دەمارەکانەوە جیاوازیان هەیە، ئەم جیاوازییانە لە قۆناغی سەرەتای گەشەی کۆرپەلەدا لە ناو ڕەحمدا دەست پێدەکەن.
پەیوەندی نێوان کوتان و ئۆتیزم
یەکێکە لەو بابەتانەی کە لە چەند دەیەی ڕابردوودا گەورەترین مشتومڕی دروستکردووە، ئەم گومانە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1998 سەری هەڵدا، کاتێک توێژینەوەیەکی بچووک لە گۆڤارێکی پزیشکیدا بڵاوکرایەوە لەلایەن Andrew Wakefield و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ڤاکسینی MMR (سورێژە، مێکوژە و سورێژەی ئەڵمانی) ڕەنگە پەیوەندی بە ئۆتیزمەوە هەبێت.
پێکهاتەی ڤاکسینەکان
گومانێکی دیکە کە پەیوەندی بە ماددەی سیمێرۆساڵ (Thimerosal) هەبوو، کە جۆرێکە لە جیوە و وەک پارێزەر لە هەندێک ڤاکسیندا بەکاردەهات، هەرچەندە توێژینەوەکان نەیان سەلماند کە ئەم ماددەیە زیانی هەبێت، بەڵام بۆ دڵنیایی زیاتر لە ساڵی2001وە لە زۆربەی ڤاکسینەکانی منداڵان لادراوە, سەرەڕای لادانی ئەم ماددەیە، ڕێژەی ئۆتیزم هەر وەک خۆی ماوەتەوە، ئەمەش جارێکی تر دەیسەلمێنێت کە کوتان هۆکار نییە.
ڕاستییە زانستییەکانی ئەو توێژینەوەیە
پاش لێکۆڵینەوەیەکی ورد و گشتگیر لە هەموو جیهاندا دەرکەوت کە ئەو توێژینەوەیە هەڵەی زۆری تێدابووە و زانیارییەکانی بە وردی کۆنەکراوەتەوە، هەر بۆیە گۆڤارەکە بابەتەکەی کشاندەوە، لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ، پاش کشاندنەوەی ئەو تویژینەوەیە دەیان توێژینەوەی زۆر گەورە لەسەر ملیۆنان منداڵ لە وڵاتە جیاوازەکانی جیهان ئەنجامدراون، ئەنجامی هەموو ئەو توێژینەوانە بە یەکدەنگی جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە هیچ پەیوەندییەک لە نێوان کوتان و تووشبوون بە ئۆتیزمدا بوونی نییە.
ئامۆژگاری پزیشکەکان و زاناکان سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی ئۆتیزم و ڤاکسین
1- بەردەوامبوون لەسەر خشتەی کوتان
پزیشکان جەخت دەکەنەوە کە کوتان باشترین ڕێگەیە بۆ پاراستنی منداڵ لە نەخۆشییە مەترسیدارەکان و هیچ پەیوەندییەکی سەلمێندراوی بە ئۆتیزمەوە نییە, ڕەتکردنەوەی ڤاکسین منداڵەکە دەخاتە بەر مەترسی تووشبوون بە نەخۆشیی توند کە دەکرێت ببێتە هۆی گیانلەدەستدان.
2- دەستنیشانکردنی پێشوەختە
زاناکان ئامۆژگاری دایکان و باوکان دەکەن کە چاودێری وردی قۆناغەکانی گەشەی منداڵەکانیان بکەن، ئەگەر تێبینی دواکەوتنی زمان یان کەمیی کارلێکی کۆمەڵایەتییان کرد، پێویستە بە زووترین کات سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەن، چونکە دەستێوەردانی پێشوەختە کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر باشترکردنی تواناکانی منداڵی ئۆتیزم.
3- پشت بەستن بە سەرچاوە زانستییە باوەڕپێکراوەکان
ئامۆژگاری دەکرێت کە زانیارییە پزیشکییەکان تەنها لە دامەزراوە فەرمییەکانی وەک ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) یان سەنتەری کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکان (CDC) وەربگیرێن، دوورکەوتنەوە لەو دەنگۆ و تیۆریانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەبێ بەڵگەی زانستی بڵاودەکرێنەوە، زۆر گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ترس و زانیاری هەڵە.
4- تێگەیشتن لە ئۆتیزم وەک جیاوازییەک نەک نەخۆشی
زاناکان ڕێنمایی کۆمەڵگە دەکەن کە ئۆتیزم وەک جۆرێک لە جیاوازی لە کارکردنی مێشکدا ببینن، لە جیاتی گەڕان بەدوای چارەسەرێکی ئەفسوناوی کە بوونی نییە، پێویستە ژینگەیەکی لەبار و پاڵپشت بۆ ئەم منداڵانە دابین بکرێت تا بتوانن بەهرەکانیان پەرەپێ بدەن.
5- دوورکەوتنەوە لە چارەسەرە ناسەلمێنراوەکان
پزیشکان هۆشداری دەدەن لە بەکارهێنانی هەر جۆرە دەرمان، پارێزێکی خواردنی توند، یان چارەسەرێکی جێگرەوە کە لەلایەن زانستەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە، چونکە ڕەنگە نەک هەر سوودی نەبێت، بەڵکو زیانی تەندروستی بۆ منداڵەکە هەبێت.
سەرچاو پشتگیرەکان:
World Health Organization (WHO): Vaccines and Autism - Questions and Answers.
Centers for Disease Control and Prevention (CDC): Vaccine Safety - Autism and Vaccines.
American Academy of Pediatrics (AAP): Vaccine Safety - Examining the Evidence.
Mayo Clinic: Autism Spectrum Disorder - Causes and Risk Factors.
National Health Service (NHS): Why vaccination is safe and important - MMR and Autism
Annals of Internal Medicine (2019): Measles, Mumps, Rubella Vaccination and Autism - A Nationwide Cohort Study (توێژینەوەیەک لەسەر زیاتر لە 650 هەزار منداڵ).
Journal of the American Medical Association (JAMA): Autism Occurrence by MMR Vaccine Status Among US Children With Older Siblings With and Without Autism.
Cochrane Library: Vaccines for measles, mumps, rubella and varicella in children
