٩ ئایاری ٢٠٢٦
ئاژانسی بلومبێرگ رایگەیاند، کۆگاکانی نەوتی جیهان بەهۆی بەردەوامی جەنگ لە دژی ئێران و گرژییەکانی گەرووی هورمز بەرەو بەتاڵ بوونەوە دەچێت.
ئەمڕۆ شەممە 9ـی ئایاری 2026، ئاژانسی بلومبێرگ رایگەیاند، بە هۆی جەنگی ئێران و داخستنی گەرووی هورمز، نەوت بە شێوەیەکی زۆر کەم و سنووردار دەگات بە کۆگاکانی نەوتی جیهانی، ئەمەش وایکردووە کۆگاکان بەرەو بەتاڵ بوونەوە بچن.
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆگای نەوتی جیهانی بە بڕی نزیکەی 4.8 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا کەمی کردووە لە نێوان ماوەی 1ـی ئازاری 2026 تاوەکو 25ـی نیسان.
ئاشکراشی کرد، کۆگای نەوتی جیهانی نزیک بووەتەوە لە نزمترین ئاستی خۆی لە دوای ساڵی 2018ـەوە، ئەمەش مەترسی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و کەمبوونەوەی وزە دروست کردووە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەم هۆشدارییەی ئاژانسی بلومبێرگ،لەوە دێت کە گەرووی هورمز، وەک شا دەماری گواستنەوەی نەوت و غازی جیهان، گرژییەکی بێوێنەی بەخۆوە بینیوە و ئەم ناسەقامگیرییەش دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئیسرائیل، ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە 28ـی شوباتی رابردووەوە دەستی پێکردووە و کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر بازاڕەکانی وزە لە سەرانسەری جیهاندا دروست کردووە.
