ئەمریکا سزای بەرپرسێکی عێراق دەدات

٧ ئایاری ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەنیازە سزای دارایی بەسەر بریکاری وەزیری نەوتی عێراقدا بسەپێنێت بەهۆی تێوەگلانی لە پڕۆسەی هاوکاریکردنی ئێران.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7-5-2026، بە گوێرەی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەنیازە سزای دارایی بەسەر عەلی مەعارج بەهادلی، بریکاری وەزیری نەوتی عێراقدا بسەپێنێت، بەهۆی تێوەگلانی لە پڕۆسەی هاوکاریکردنی ئێران بۆ دەربازبوون لە گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی تۆمەتەکانی ئەمریکا، ئەم لێپرسراوە باڵایەی عێراق رێگەی داوە رۆژانە بە بڕی چەندین ملیۆن دۆلار نەوتی عێراق بە بارهەڵگر بگوازرێتەوە بۆ قاچاغچییەک، کە لەوێدا نەوتەکە لەگەڵ خاوی ئێرانی تێکەڵ کراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، کە ناوبراو هاوکاری کردووە لە ساختەکردنی بەڵگەنامە فەرمییەکاندا بۆ ئەوەی نەوتە تێکەڵاوەکە وەک بەرهەمێکی ٪100 عێراقی نیشان بدرێت و بەو شێوەیە لە بازاڕە جیهانییەکاندا ساغبکرێتەوە.