پەکەکە کۆتایی بە خەباتی ناوەکەی هێنا

٥ ئایاری ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

پەکەکە کۆتایی بە خەباتی ناوەکەی هێنا و لە ساڵیادی خۆ هەڵوەشاندنەوەیدا ناوە نوێکەیان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرادەکەن.

دەقی راگەیەندراوەکە:

ساڵێک بەسەر بڕیارەکانی کۆتاییهێنان بە چالاکییەکان لە ژێر ناوی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە تێکۆشانی چەکداریی دژی تورکیا تێپەڕی. دەمانەوێت هەڵسەنگاندن بۆ هەموو ئەو شتانە بکەین کە لە ماوەی ئەم ساڵەدا ڕوویان داوە. لە چوارچێوەی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا تەڤگەری ئازادیی چی کردووە، دەوڵەتی تورک چی کردووە؟ هەوڵ دەدەین وەڵامی ئەم پرسانە بۆ تامەزرۆیی ڕای گشتیی بدەینەوە.

ڕێبەر ئاپۆ لە بانگەوازەکەی ڕۆژی 27ـی شووباتی 2025ـدا، ئەو مەرج و بارودۆخانەی کە پەکەکەیان پێشخست و هۆکارەکانی پشت ئەو بڕیارەی خستەڕوو. ڕێبەرێتیی (ڕێبەر ئاپۆ)، بە پشتبەستن بە دەرەنجامی ئەو پێشهاتانەی لە ماوەی 50 ساڵدا هاتنە پێشەوە، داوای لە پەکەکە کرد، کە کۆتایی بە چالاکییەکانی لەژێر ناوی خۆیدا بهێنێت و کۆتایی بە تێکۆشانی چەکداریی دژی تورکیا بهێنێت. تەڤگەرەکەمان دوای ئەم بانگەوازە، لە 1ـی ئاداردا ئاگربەستی یەکلایەنەی ڕاگەیاند.

دوای ئەم بانگەوازە، زۆرێک لە لایەن و کەسایەتییەکان ئاماژەیان بەوە کرد کە پەکەکە بەپێی بانگەوازەکە ناجووڵێتەوە. بەڵام پەکەکە کە وەک تەڤگەرێکی ڕێبەرێتیی سەری هەڵداوە و لەسەر هێڵی ڕێبەرێتی تێدەکۆشێت و بەرەو پێش دەچێت، لە ماوەیەکی کورتدا کۆنگرەی خۆی بەست. پەکەکە بێ دوودڵی بانگەوازەکەی ڕێبەرێتی خستە بواری جێبەجێکردنەوە؛ لەو چوارچێوەیەدا بڕیاری دا بە کۆتاییهێنان بە چالاکییەکان لەژێر ناوی خۆیدا و کۆتایی بە خەباتی چەکداریی دژی تورکیا هێنا. لە ئەنجامدا جەختکرایەوە، کە تەنیا ڕێبەر ئاپۆ دەتوانێت ئەم بڕیارانە بکاتە پراکتیک و وەک بەردەنگ (دانووستانکاری سەرەکی) دەتوانێت پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بەڕێوە ببات.

ڕێبەر ئاپۆ لە ساڵی 1993ـوە تا ئەمڕۆ چەندین جار ئاگربەستی تاکلایانەی ڕاگەیاندووە، بۆ ئەوەی بتوانێت بە دیموکراتیکییانە ڕێگە لە بەردەم چارەسەری پرسی کورد بکاتەوە. بۆ ئەم مەبەستە پێشنیاری چارەسەری پێشخستووە و بە شێوازێکی عەقڵانی و ژیرانە نزیک بووەتەوە کە تا ئێستا لە جیهاندا نزیکایەتی لەو شێوەیە نەبینراوە. بەڵام دەوڵەتی تورک بە هۆی ئەوەی لەو کاتەدا خاوەنی چارەسەریی سیاسیی نەبوو، ئەم هەوڵانە بێئەنجام مانەوە. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە و هاوبەشی دەسەڵاتی ئێستا، لە 22ـی تشرینی یەکەمی 2024ـدا بانگەوازێکی کرد. ڕێبەر ئاپۆش بەو ئەگەرەی کە ئیرادەی چارەسەری لە ناو دەوڵەتدا پێشبکەوێت، وەڵامێکی ئەرێنی ئەو بانگەوازی دایەوە.

تەڤگەری ئازادییمان، لەبەر ئەوەی باوەڕی بە هێزی چارەسەریی ڕێبەر ئاپۆیە، بڕیاری زۆر ڕادیکاڵی وەک کۆتاییهێنان بە چالاکییەکان لە ژێر ناوی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا. تەنها هەنگاوی گەورەی لەم شێوەیە دەتوانن ڕێگە لە بەردەم چارەسەرییەکی دیموکراتیک بکەنەوە. لەم بابەتەدا ویستمان ئیرادە و پێداگریی خۆمان نیشان بدەین. هەر بۆیە، بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، لە 11ی تەمووزی 2025ـدا لەگەڵ 30 هەڤاڵی گەریلاماندا چەکەکانیان سووتاند. بەم شێوەیە سەلمێندرا کە کاتێک هەلومەرجە سیاسییە گونجاوەکان لە ڕێگەی هەنگاوە یاساییە پێویستەکانەوە بڕەخسێندرێت، هەزاران گەریلاش چەکەکانیان دادەنێن. هەر ئەو کاتە دەوڵەت باخچەلی لەم چوارچێوەیەدا قسەی کرد و وتی: “دەبوایە ئەو کەسانەی چەکەکانیان سووتاندووە، لە ڕێگەی دەرکردنی یاسای پێویستەوە ڕوویان لە تورکیا بکردایەتەوە”. دەوڵەت باخچەلی بەم شێوەیە ئاماژەی بەوەدابوو کە گەڕانەوە بۆ تورکیا چۆن دەبێت.

وەک تەڤگەری ئازادی، بۆ کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و نیشاندانی ئیرادەمان بۆ چارەسەری سیاسی-دیموکراتیک، هێزەکانمان لەناو سنوورەکانی تورکیاوە کشاندەوە بۆ دەرەوەی سنوور. لە “هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا”ـش هەندێک لە سەنگەرەکانمان چۆڵ کرد بۆ ئەوەی ڕێگریی لە ئەگەری پێکدادان بکەین. دیسان، لە ساڵی 2017ـدا هەندێک لە بەڕێوەبەرانی “میت”ـمان بە دیل گرتبوو، ئەو کەسانەشمان ڕادەست کردەوە.

هەروەها، بڕیارمان دا کە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە بەڕێوە ببرێت. دانووستانکاری سەرەکی و پێشەنگی ئەم پرۆسەیە ڕێبەر ئاپۆیە. دەبێت بەپێی ئەم ڕاستییە و وەک بەردەنگی سەرەکی، پێگەی سیاسیی ڕێبەر ئاپۆ ڕوون بکرێتەوە و بتوانێت بگاتە هەلومەرجەکانی کارکردنی ئازاد. ئەم پرۆسەیە تەنها بەم شێوەیە بە ڕاستی بەڕێوە دەچێت و دەگاتە ئەنجام. لەم پرۆسەیەدا ئەوەی پێویست بوو کردمان، تەنانەت لەو ئاستەدا هەنگاومان نا کە کەس چاوەڕوانی نەدەکرد. ئێستا ئیتر بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بگاتە ئەنجام، دەبێت پێگەی ڕێبەر ئاپۆ دیاری بکرێت و هەنگاوی یاسایی و حقووقی بنرێت. ئەمە ویست و چاوەڕوانی گەلەکەمان، هێزە دیموکراتەکان و ئێمەشە.”

تەڤگەری ئاپۆیی