"ئێمە چەتەی دەریایی ڕاستەقینەین"

٣ ئایاری ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

"ئێمە چەتەی دەریایی ڕاستەقینەین"

ترەمپ پاساو بۆ گەمارۆدانی ئێران دەهێنێتەوە، لە کاتێکدا بەپێی ڕاپۆرتەکان، زیانەکان بە ملیارەها دۆلار دەخەمڵێنرێت.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، هێزی دەریایی ئەمریکا "وەک چەتەی دەریایی" مامەڵە دەکات و ئەو گەمارۆ دەریاییەی کە بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا دەیسەپێنێت، وەک بەشێک لە ململانێی بەردەوامی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و ئێران لە لایەکی دیکەیە.

"ئێمە چەتەی دەریایی ڕاستەقینەین"

ئەو وتانەی ترەمپ لە میانەی گفتوگۆیەکدا بوو سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ئەمریکا کە چەند ڕۆژێک لەمەو پێش دەستی بەسەر کەشتییەکدا گرتبوو، کە ئەمەش بەشێکە لە زنجیرە ئۆپەراسیۆنێک کە کەشتییەکانی ئێرانیان دەکردە ئامانج.

دۆناڵد ترەمپ دەڵێت:"دەستمان بەسەر کەشتییەکەدا گرت، دەستمان بەسەر بارەکەی و نەوتکەشیدا گرت، زۆر سوودمان لێبینی، ئێمە جۆرێکین لە چەتەی دەریایی، بەڵام ئەوەی ئێمە گاڵتە و یاری نیە، بەڵکو ئێمە چەتەی دەریایی راستەقینەین".

دووپاتیشیکردەوە، ئێران ساڵانێکی زۆرە گەرووی هورمز وەک چەک بەکار دەهێنێت و دەشڵێت :" ئەوان دایدەخەین، داشیانخست، هەربۆیە منیش دامخست لەسەریان ".

زیانەکانی ئێران بە ملیارەها دۆلار دەخەملێنرێت

بەپێی داتاکانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، ئێران لە ئەنجامی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر گەرووی هورمز نزیکەی پێنج ملیار دۆلار داهاتی نەوتی لەدەستداوە.

بە وتەی بەرپرسانی پنتاگۆن، لە دوای دەستپێکردنی گەمارۆکە لە 13ـی نیسانەوە، هێزەکانی ئەمریکا زیاتر لە 40 کەشتییان گەڕاندووەتەوە، کە نەوت و کەلوپەلی دیکەیان هەڵگرتبوو.

هاوکات، ڕاستەوخۆ دەست بەسەر دوو کەشتیدا گیراوە،31 کەشتی نەوتهەڵگر کە نزیکەی 53 ملیۆن بەرمیل نەوتی ئێرانیان هەڵگرتبوو کە بەهای زیاتر لە 4.8 ملیار دۆلارە، لە کەنداوی عومان گیریان خواردووە.

ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست رایگەیاند، ئێران لە توانای هەڵگرتنی نەوتیشدا ڕووبەڕووی قەیران بووەتەوە، کە ئەگەری هەیە لە ماوەی 15 بۆ 60 ڕۆژدا بگاتە ئاستی دیاریکراوی.

بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسێکی ئەمریکی، گەمارۆدانەکە بە تەواوی کاردەکات، بازرگانییە ئابوورییەکان نە دەچنە ناو ئێران نە دەردەچن.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران ناچار بووە نەوت بە شێوازی جۆراوجۆر هەڵبگرێت، لەوانەش هەڵگرتنی نەوت لە وشکانی و لەسەر کەشتییە وەستاوەکان ، بەتایبەتی کەشتییە زۆر گەورەکانی نەوتی خاو (VLCC) کە دەتوانن نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو هەڵبگرن.

چاودێران پێیان وایە کەمبوونەوەی توانای عەمبارکردنی ئێران دەتوانێت گوشارەکان زیاد بکات و ئەگەری هەیە پاڵ بە یەکلاییکردنەوەی سیاسی نێوان واشنتۆن و تارانەوە بنێت.

دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران بەردەوامن

ترەمپ گومانی خۆی لە ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتن دەربڕی و وتی:" ڕاشکاوانە قسەبکەم، ڕەنگە باشتر بێت بە هیچ شێوەیەک ڕێککەوتن نەکرێت ".

دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە ئێرانییەکان

لەماوەی جەنگدا، هێزەکانی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانیان چڕتر کردەوە، دەستیان بەسەر ژمارەیەک کەشتی ئێرانیدا گرت دوای ئەوەی بەندەرەکانیان بەجێهێشت، ئەمە جگە لە کەشتییە تانکەر و کۆنتێنەرەکانیش کە کەوتوونەتە ژێر سزاکانەوە کە لە ئاوەکانی ئاسیادا دەجووڵان.

بەپێی داتاکان، ئەم ئۆپەراسیۆنانە بەشێکن لە سیاسەتی گەمارۆی دەریایی فراوانتر کە بازرگانی دەریایی ئێران دەکاتە ئامانج، لەگەڵ هێرشە سەربازییەکان و سزا ئابوورییەکان.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە سەرەتای شەڕەوە تاران ڕێگری لە تێپەڕبوونی زۆربەی کەشتییەکان بە گەرووی هورمزدا کردبوو، ئەمەش بووە هۆی زیادبوونی گرژییەکانی یەکێک لە گرنگترین خاڵە ستراتیژییەکانی وزەی جیهان.

بەهۆی پێکدادانەکانەوە هەزاران کەس گیانیان لەدەستداوە

لە ناوخۆدا ئیدارەی ترەمپ لە چوارچێوەی ئەمەریکادا ڕووبەڕووی فشار و ڕەخنە دەبێتەوە، هەروەها چەندین شارەزای یاسایی لە ئەمریکا هۆشداری دەدەن لەوەی کە ڕەنگە هەندێک لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە بازنەی "تاوانەکانی جەنگ" نزیک ببنەوە، بە تایبەت لە ژێر ڕۆشنایی ڕاپۆرتەکانی بە ئامانجگرتنی ژێرخانی مەدەنی لە ناوخۆی ئێراندا.