جێگۆرکێی مەعریفەیە؟

٢ ئایاری ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

کاتێک جەنگ هەڵدەگیرسێ و کۆتایشی پێدێت،تەنها هێز ڕۆڵی سەرەکی لە یەکلا کردنەوەیدا دەگێرێ. بەڵام لە قۆناغی وکاتی ئاشتی و ئارامیدا، هەمیشە هێزی ئۆقرەیی و ئاسایش دەردەکەون و شوێنی هێز بە هەموو ڕەهەندەکانیەوە دەگرنەوە.

جەنگی دوانزەڕۆژی ساڵی رابردووی نێوان ئەمریکا وئیسرائیل - ئێران و جەنگی ٣٩ ڕۆژەی ئەمساڵیش لەڕووی جوگرافیەوە وەک هەمان ئەو جەنگ وشەڕانەی قۆناغە جیاجیاکانی مێژوویی و سەدە ودەییەکانی ڕابردوو بوون، بەڵام ئەم جەنگە ئەمریکا وەک (superpower)، ئیسرائیڵیش وەک هێزێکی ئیقلیمی>خاوەن ئەتۆم لەگەڵ هێزێکی ئیقلیمی خاوەن ئایدیای ئیسلامی- مەزهەبی شیعە، فۆڕمێکی تازە و نوێی بەخشیە ئەم جەنگ وشەڕە، بەوەی هیچ یەکێک لەو سێ لایەنە و دووبەرەیە، هیچ ڕووبەرێکی ووشکانیان لەگەڵ یەک نیە و خاوەن سێ ئایدیای وئایدیۆلۆجیای جیای ئایینی ئیسلام، کریستیانی، جولەکەن.ئەمەش وای لە ڕای گشتی نێودەوڵەتی وجیهانی کرد، کە بە ئاسانی و ڕاستەوخۆ نەبنە بەشێکی جەنگەکە ولە هەمانکاتدا جوگرافیای جەنگەکەش پێگەو فێلدی دەرکەوتنی ئەو سێ ئایین وشارستانیەیە، کە بەشێک لە پسپۆران وشارەزایان بە جوگرافیای مەعریفە ناوی دەبەن وبەشێوەیەک هێمای دەکەن کە بریتیە لە سەرچاوەی گەشەی مەعریفەی کۆمەڵگەی مرۆیی. بەڵام ئەم جەنگە بەشێوەیەک لە شێوەکان ئەو ڕوانین و تێگەیشتنە فەلسەفی ومەعریفەی بۆ خودی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدیوێکی دیکەدا برد، کە بریتیە لە جوگرافیای سەرچاوەی ئابووری سەرمایەداری نوێ ولیبرالیزمی نوێ، کە ناوەخنەکەی پارە وسامانە،واتە هێزی بازاڕە، نەک هێزە مۆراڵی و فەلسەفی و مەعریفیە ڕەسەنی هەیەتی.

لەوبارەیەوە سەرەنج ڕادەکێشین بۆ چەند لێدوانێکی جیاجیای سەرۆک ترامپ لە ڕۆژانی کۆتایی جەنگەکە، کاتێک هاوتەریب لەگەڵ هەڕەشە و گووڕەشەکانی بۆ سرینەوەی شارستانیەت ، خۆی وەک بازرگانێک ناساند،نەک ریفۆرمخواز یان کەسایەتیەک و سەرۆکانی وەک جۆرج واشنتۆن و نیلکۆلن و وۆلد ولسن و ڕۆزفلت، کە ئەمانە سیمبول ونموونەی شاریستانیەتی ئەمریکین، نەک ڕۆژئاوایی، کە لێرەدا گرنگە جیاوازیەکی جەوهەری لە نێوان شاریستانیەتی ڕۆژئاوایی وئەمریکیبکەین لەگەڵ سەرجەم شارستانیەتەکان و بە تایبەتر لەگەڵ ڕۆژهەڵات، چونکە شارستانیەتی ئەمریکا لەسەر بنەمای سەرمایە وسامان و سڕینەوەی شارستانیەتی هنیدیە سوورەکان و ئینکا خۆی بیناکردووە، نەک لەسەر پەرەسەندن وگەشەی مەعریفەی مرۆییانە،کە لە مێژووی شارستانی ڕۆژهەڵاتی و چین وهیند دەبینرێن.

بۆیە دەرئەنجامەکانی ئەم جەنگە لە مەودایەکی مامناوەند و دووردا و لێکەوتە هەمەلایەنەکانی لە مەودایەکی نزیکدا، زۆر کوشندە بن، بە تایبەت لەسەر مۆراڵی مەعریفی کۆمەڵگەی مرۆیی و هەموو لایەنەکانی ژیان و تەنانەت مامەڵە و پەیوەندی نێوان دەوڵەتان.

لەبەر هێزی سەربازی بێ سنور و هێزی تەکنۆلۆژیای بێهۆشی مڕۆیی و شارستانیانەی کە رۆڵی سەرەکی دەبینن لە جەنگ وشەڕەکاندا ئەوانەش باڵادەستی خۆیان لە یەکلاکردنەوەیدا گێراوە، واتە هێزی نەرم و زمانی دبلۆماسی وەک جاران فاکتەری جەنگ وئاشتی نین ئەوەندەی دەستەمۆی هەژموونی هێزی زبر و دڕۆن و هێزی تەکنەلۆژیان.

هەر ئەمەشە دواجار جێگۆرکێی مەعریفی دێنتەکایەوە و لەگەڵیدا ناوەندشاری مەزنی ئابووری دەبنە جێگرەوەی شارە شارستانی و مەعریفەگێرەکانی جیهان،ئەگەر جاران جنێڤ و ئۆسلۆ ناوەندی کۆکردنەوەی دژەکان بووبن، لەوانەیە لەمەودوا پایتەخت وشاری دیکە جێیان بگرنەوە. نەک هەر ئەوەش ناوەندە بازرگانیەکانیش لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش گۆڕانکاریان بەسەردا بێت، کە ئەمەش لە کۆمەڵێک ڕووەوە زیان بە بازاڕی دراوی جیهانی و ئابووری بە گشتی دەگەیەنێ.