٢ ئایاری ٢٠٢٦
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەمەبەستی ئیفلیجکردنی هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە و ناچارکردنی بە قبوڵکردنی مەرجەکانی واشنتۆن تاوتوێی سەپاندنی گەمارۆیەکی دەریایی درێژخایەن بەسەر ئێراندا دەکات کە لەوانەیە چەندین مانگ بخایەنێت.
ئاژانسی ڕۆیتەرز رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا بەنیازە بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوامی بە گەمارۆکان بدات و دیپلۆماتکارانی ئەوروپی پێشبینی دەکەن دۆخی ئێستای گرژییەکان بۆ ماوەیەک وەک خۆی بمێنێتەوە و بەدووریشی دەزانن دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان چارەسەرێکی خێرا بەدوای خۆیدا بهێنێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، نیگەرانییەکی نێودەوڵەتی هەیە لە هەر ڕێککەوتنێک کە وابکات ئێران وەک سەرچاوەی هەڕەشە بمێنێتەوە، و پێشبینی دەکرێت ململانێکان ببنە ململانێیەکی "بەستوو".
هاوکات، سەبارەت بە لێکەوتە ئابوورییەکانیش، دۆناڵد ترەمپ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت تەنها وەک "ناسەقامگیرییەکی کورتخایەن" دەبینێت، لەکاتێکدا ئێران پێشنیازێکی هەموارکراوی پێشکەش کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ ئاسۆیەک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە بەدی ناکرێت.
