٣٠ نيسانی ٢٠٢٦
ڕۆژنامەی "گاردیان"ـی بەریتانی رایگەیاند، داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە لە ئێستادا وەک "چەکێکی کاریگەرتر لە چەکی ئەتۆمی" سەیر دەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ـی نیسانی 2026، بەپێی ڕاپۆرتەکەی "گاردیان"ـی بەریتانی، چەکی ئەتۆمی تەنها ئامرازێکی "بەرگریی کۆتاییە" کە بەکارهێنانی ئەستەمە، بەڵام داخستنی گەرووی هورمز چەکێکی ئابووریی کردەییە و کاریگەرییەکانی دەستبەجێ لەسەر جیهان دەردەکەون.
هاوکات، ڕاپۆرتەکە جەخت لە گۆڕینی ستراتیژی تاران دەکاتەوە و ئاماژە ئەگەر پێشتر ئێران بەهۆی وابەستەیی بە هەناردەی نەوتەوە نەیدەویست گەرووی هورمز دابخات.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا ئەمریکا گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی کە تێچووی دروستکردنی قەیرانی جیهانی بۆ لایەنی بەرامبەر، زۆر زیاترە لە تێچووی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەم شیکارییە لە واشنتۆن بووەتە هۆی ئەوەی هەندێک لە سیناتۆرەکان هاوشێوەی سێنتکۆم داوای جێگیرکردنی خێرای سیستەمی مووشەکی هایپەرسۆنیکی "دارک ئیگڵ" بکەن، لە بازاڕە داراییەکانی جیهانیشدا نیگەرانییەکی زۆری لە لای وەبەرهێنەران دروستکردووە، بەوەش بازاری وزە شڵەژانی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت، لەئەگەری مانەوەی دۆخی هورمز وەک ئێستا.
بەپێی رۆژنامەی گاردیان ئەم هەنگاوەی ئێران سێ کاریگەریی سەرەکیی دەبێت:
یەکەم: تێکدانی ئابووریی جیهانییە بەهۆی بازدانی نرخی وزە لە بازاڕەکانی نیویۆرک، لەندەن و تۆکیۆ، وەک چۆن لە ئێستادا نرخی نەوتی برێنت گەیشتووەتە سەروو 124 دۆلار.
دووەم: دروستکردنی فشاری توندە لەسەر حکومەتە ڕۆژئاواییەکان، چونکە شۆکی نەوتی لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا دەبێتە هۆی هەڵاوسان و ناڕەزایەتی جەماوەری، ئەمەش وا لە دەوڵەتان دەکات پاشەکشە بکەن.
سێیەم: کاریگەریش گۆڕینی هاوکێشەکانە بۆ دۆناڵد ترەمپ، کە سەرەڕای هەڕەشەکانی، ڕووبەڕووی ڕاستییەک بووەتەوە کە تێیدا گەمارۆ کلاسیکییەکان کاراییان نەماوە، چونکە ئێران دەستی گرتووە بەسەر لێدانی دڵی ئابووری جیهاندا
