٢٢ نيسانی ٢٠٢٦
وێنەیەکی ڕەنگاوڕەنگکراوی دەستی جەنگاوەرانی سامۆرای لە ساڵی 1860.
وێنەکە وێنەیەکی ڕەسەنی فۆتۆگرافەر ( بێیاتۆ فێلیچێ )ـیە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 1860.
بێیاتۆ فێلیچێ فۆتۆگرافەرێکی بەریتانی بە ڕەچەڵەک ئیتاڵییە، یەکێک بوو لە یەکەمین ئەو کەسانەی کە چوونە ناو ژاپۆن و فۆتۆگرافی راستەقینەی سامۆرایان دەگرت.
جەنگاوەرەکانی ناو وێنەکە جلوبەرگی نەریتی جۆراوجۆریان لەبەردایە، لە لای ڕاستەوە: جەنگاوەرێک کە ناگیناتا (تیغێک کە لەسەر دارێکی درێژ جیگیردەکرێت) هەڵگرتووە، لە ناوەڕاست و لە لای چەپەوە: جەنگاوەرەکان کە زرێپۆشی (ئۆکاشی – گۆسۆکو)ـیان لەبەردایە و شمشێری ( کاتانا )ـی درێژ و ( واکیزاشی ) کورتیان هەڵگرتووە، سەبارەت بە دەمامک و کڵاوەکان، وەکو دەردەکەوێت کابوتۆ و مێنپۆ (ماسکی دەموچاو)ـیان پۆشیوە کە بۆ تۆقاندن و پاراستنی سامۆرای بەرکادێت.
سامۆراییەکان لە ساڵی 1876ـدا بە فەرمی وەک چینێکی سەربازی هەڵوەشێنرانەوە و قەدەغەکرابوو کە شمشێر هەڵبگرن لە شوێنی گشتیدا، لە ساڵی 1880ـدا سامۆرای وەک هێزێکی شەڕکەر نەمابوون، بەڵکو گۆڕابوو بۆ هاووڵاتییەکی ئاسایی یان ئەفسەری سوپای مۆدێرنی ژاپۆن.
بێیاتۆ فێلیچێ پێشەنگ بوو لە تەکنیکەکانی ڕەنگکردنی دەستی، بەو پێیەی لەو کاتەدا لە ڕووی تەکنیکییەوە وێنەگرتنی ڕەنگاوڕەنگ نەدەکرا و کامێراکان تەنها بە رەنگی ڕەش و سپی وێنەکانیان نیشان دەدا، فێلیچێ بۆیەی ڕەنگاوڕەنگی ئاویی ژاپۆنی بەکاردەهێنا بۆ ئەوەی بە وردی وێنە ڕەسەنەکان بە دەستیی ڕەنگ بکات، ئەمەش لە وردی ڕەنگەکانی ناو زرێپۆش و جلوبەرگەکاندا دەردەکەوێت.
.png&w=3840&q=75)