هەندێک کات ڕاستی نامۆترە لە خەیاڵ

٢٠ نيسانی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

هەندێک کات ڕاستی نامۆترە لە خەیاڵ

لە مانگی تەمموزی 2021ـدا، دەزگای ئاسایشی ئۆکرانیا (SBU) هەڵیکوتایە سەر کۆگایەک لە شاری ڤینیتسیا و دەستیان بەسەر نزیکەی 3800 کۆنسۆلی پلەیستەیشن 4 و 500 کارتی گرافیک و 50 پڕۆسێسەردا گرت، کاتێک پۆلیسەکان بۆ یەکەمجار شوێنەکەیان بینی کە ڕەفە لەسەر ڕەفە ئامێر و کێبڵی کارەبایی گەورەیان بینی پێیان وابوو کە کێڵگەیەکی گەورەی نایاسایی دراوی کریپتۆیە، هەربۆیە بە ئاشکرا ڕایانگەیاند کە دەستیان گرتووە بەسەر کێڵگەیەکی گەورەی نایاسایی دراوی کریپتۆ.

دوای ماوەیەکی کەم لە هەڵمەتەکە، ڕۆژنامەنووسان سەرنجیان دا شتێکی سەیر لە وێنە فەرمییەکانی پۆلیسدا هەیە کە ئەویش بوونی زۆرێک لە کۆنسۆڵی PS4 کە دیسکی یارییان تێدابووە.

دوا بەدوای لێکۆڵینەوەی زیاتر لەم ڕووداوە، دەرکەوت کە ئەمە کێڵگەی بیتکۆین نییە. بەڵکو "کێڵگەی بۆت"ـێکی گەورەی فیفا ئەلتیمێت تیم (FUT) بوو.

کۆنسۆڵەکان ڕێکخرابوو بۆ ئەوەی یارییەکان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی هەموو ڕۆژێک بۆ ماوەی 24 کاتژمێر یاری بکەن بە بەکارهێنانی بۆتەکان بۆ بەدەستهێنانی دراوی ناو یارییەکە (دراوی FUT).

کاتێک ئەکاونتێک بڕێکی زۆر دراو یان کارتی یاریزانی دەگمەنی دەبوو، تەواوی ئەکاونتەکە یان دراوەکان لە بازاڕی ڕەشدا دەفرۆشت بە پارەی ڕاستەقینە.

هۆکاری ئاشکرابوونی پڕۆسەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ دزینی کارەبای تۆڕی کارەبای ناوخۆیی کە (بە بەهای 250 هەزار دۆلار کارەبای دزراو لە مانگێکدا مەزەندە دەکرێت)، تێچووی سەرەکی ئەم کارەیان نزیکەی سفر بوو، ئەمەش وایکرد بازرگانی "تۆپی پێی دیجیتاڵی" قازانجێکی سەرسورهێنەرانەی هەبێت.