پارێزەرێک: ئەمڕۆ زیاتر لە 10 دەستگیرکراوی لالەزار ئازادکران

٢٠ نيسانی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

یەکێک لە پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار رایگەیاند، 12 کەسی لە دەستگیرکراوانی لالەزار ئازادکران؛ کە یەکێکیان بەرپرسی پاسەوانە تایبەتەکانی سەرۆکی بەرەی گەلە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 20-4-2026، قادر ئاغا مەنتک، یەکێک لە پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار، لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ 12 کەسی لە دەستگیرکراوانی لالەزار ئازادکران".

وتیشی، یەکێک لە ئازادکراوانی ئەمڕۆی دەستگیرکراوانی هۆتێل لالەزار، موحسین خۆشناو، بەرپرسی پاسەوانە تایبەتەکانی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەلە.

هەروەها، 9ـی ئەم مانگە، 14 کەسی دیکە لە دەستگیرکراوانی لالەزار ئازادکرابوون، لەناویاندا یاسین بەرزنجی، بەرپرسی پاراستنی ماڵی لاهور شێخ جەنگی و عەقید دڵشاد، ئەفسەری خانەنشین هەبوون.

پێشتریش ژمارەیەکی دیکەیان ئازادکرابوون، لەوانە حەوت کەس لە 3ـی مانگی شوباتی ئەم ساڵ، هەروەها لە 16-1-2026 چوار کەس و 13ـی هەمان مانگ 17 کەسی دیکە ئازادکرابوون.

ئەمەش لە کاتێکدایە، شەوی 22ـی ئابی 2025، لە هۆتێل لالەزاری پارێزگای سلێمانی بەهۆی خۆڕادەستنەکردنی لاهور جەنگی رووبەڕووبوونەوەی سەخت لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و لایەنگرانی لاهور جەنگی روویدا و سەرەنجام دوای سێ کاتژمێر، لاهور جەنگی و پۆڵاد جەنگی برای و چەند ئەندامێکی بەرەی گەل و لایەنگرانی لاهور جەنگی دەستگیرکران.