ئایا پشیلە مەترسی بۆ سەر ئافرەتی دووگیان دروست دەکات؟

١٩ نيسانی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

لە ناو کۆمەڵگەی ئێمەدا، پشیلە زۆرجار وەک تۆمەتباری سەرەکی لەبارچوونی منداڵ و نەزۆکی سەیر دەکرێت، ئەم ترسە وای کردووە کە زۆرێک لە ئافرەتان لەگەڵ دەستپێکی دووگیانی، پشیلەکانیان لە ماڵ دەربکەن و دوریان بخەنەوە بەڵام پزیشک و زاناکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە پشیلە بە تەنها مەترسی نییە، بەڵکو مشەخۆرێکی دیاریکراو هەیە کە مەترسی درووست دەکات کە دەکرێت لە ڕێگەی پشیلە یان چەند سەرچاوەیەکی ترەوە بگوازرێتەوە.

تۆکسۆپلازمۆسس چییە؟
ئەو نەخۆشییەی کە خەڵک بە هەڵە ناوی دەنێن نەخۆشی پشیلە، لە ڕاستیدا ناوی زانستییەکەی تۆکسۆپلازمۆسس (Toxoplasmosis)،ئەم نەخۆشییە بەهۆی مشەخۆرێکەوە دروست دەبێت کە تەنها دەتوانێت لە ناو ڕیخۆڵەی پشیلەدا سوڕی ژیانی تەواو بکات و هێلکە بەرهەم بهێنێت، پشیلە ئەم هێلکانە لە ڕێگەی پیساییەکەیەوە بۆ دەرەوە بڵاو دەکاتەوە.

کاریگەری ئەم مشەخۆرە لەسەر کۆرپەلە و دایکی دووگیان
مەترسییە ڕاستەقینەکە کاتێک درووست دەبێت کە ئافرەتێک لە ماوەی دووگیانیدا بۆ یەکەمجار تووشی ئەم مشەخۆرە ببێت، ئەگەر ئافرەتەکە پێش دووگیانی تووشبووبێت، جەستەی بەرگری دەبێت و هیچ مەترسییەک لەسەر کۆرپەلەکەی دروست نابێت، ئەگەر تووشبوونەکە لە کاتی دووگیانیدا بێت، ئەنجامەکان دەکرێت ئەمانە بن:

1- لە سێ مانگی یەکەمدا: ئەگەری لەبارچوونی کۆرپەلە یان مردنی لە ناو ڕەحمدا زۆر بەرزە.
2- لە مانگەکانی دواتردا: ئەگەری هەیە کۆرپەلە تووشی کێشەی زگماکی ببێت وەک ئاو لە ناو سەردا (Hydrocephalus)، کێشەی بینین، یاخوود تێکچوونی گەشەی مێشک.
3- کاریگەری درێژخایەن: هەندێک منداڵ لە کاتی لەدایکبووندا ئاسایین، بەڵام دوای چەند ساڵێک کێشەی بیستن یان فێربوونیان بۆ دروست دەبێت.

ڕێگاکانی گواستنەوە :
زۆر گرنگە بزاندرێت کە زۆربەی بارودۆخەکانی تووشبوون بەم مشەخۆرە بەهۆی پشیلەوە نییە، بەڵکو بەهۆی ئەم سەرچاوانەی خوارەوەیە:

1- خواردنی گۆشتی نەکوڵاو: خواردنی گۆشتی گا و گۆلک یان بەرخ کە بە تەواوی نەکوڵاوە، باوترین ڕێگەی گواستنەوەیە.
2- سەوزە و میوەی پيس: ئەو خۆراکانەی لە زەویدا دەڕوێن و بە باشی ناشۆرێنەوە، لەوانەیە هێلکەی مشەخۆرەکەیان پێوە بێت.
3- خاکی پيس: کارکردن لە ناو باخچە بەبێ دەستکێش، کە لەوانەیە پشیلەیەکی دەرەکی لەو خاکەدا پیسایی کردبێت.
4- پیسایی پشیلە: تەنها لە حاڵەتێکدا کە پشیلەکە خۆی تووشبوو بێت و مرۆڤەکە دەستی لە پیساییەکەی بدات و دواتر دەستی بەر دەمی بکەوێت.

چۆن خۆت دەپارێزیت بەبێ دەرکردنی پشیلەکەت؟
ئەگەر خاوەن پشیلەیت و دووگیانیت، پێویست ناکات پشیلەکەت دووربخەیتەوە، تەنها ئەم خاڵانە جێبەجێ بکە:

ئەنجامدانی پشکنینی خوێن (TORCH Test): ئەم پشکنینە نیشانی دەدات کە ئایا جەستەت پێشتر بەرگری پەیدا کردووە یاخوود بەرگریت نییە.

ڕێگری لە ڕاوکردن: مەهێڵە پشیلەکەت بچێتە دەرەوە و باڵندە یان مشک ڕاو بکات، چونکە لەو ڕێگەیەوە تووش دەبێت.

خواردنی تەندروست: تەنها خواردنی کوڵاو یان وشک (Dry Food) بدە بە پشیلەکەت و دووربکەوەرەوە لە گۆشتی کاڵ.

جێگەی پیسایی: پاککردنەوەی سندوقی پیسایی پشیلەکە بدە بە کەسێکی تر، ئەگەر هەر خۆت کردت، دەستکێش و دەمامک بەکاربهێنە و ڕاستەوخۆ دەستت بە سابون بشۆ.

شتنی خۆراک: سەوزە و میوەکان زۆر بە وردی بشۆرەوە و گۆشت لە پلەی گەرمی بەرزدا بکوڵێنە.

نیشانەکانی تووشبوون بە مشەخۆری تۆکسۆپلازما (نەخۆشی پشیلە) بەپێی کەسەکان دەگۆڕێت، چونکە زۆرجار لە کەسی ئاساییدا هیچ نیشانەیەکی دیار دروست ناکات، بەڵام بۆ کۆرپەلە و دایکی دووگیان بابەتەکە جیاوازە، لێرەدا نیشانەکان بە وردی بەم شێوەیە پۆلێن دەکرێن:

1-نیشانەکان لە کەسی ئاساییدا :
زۆربەی ئەو کەسانەی تەندروستییان باشە، کاتێک تووش دەبن، یان هیچ نیشانەیەکیان نییە یان نیشانەکانیان وەک ئەنفلۆنزایەکی سووک وایە کە بریتین لە:
ـ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جەستە (تا).
ـ ئازاری ماسولکەکان.
ـ هەستکردن بە ماندوێتی و بێهێزی.
ـ ئاوسانی لیمفەگرێکان (بەتایبەت لە ناوچەی مل).
ـ سەرئێشە.
ئەم نیشانانە زۆرجار دوای چەند هەفتەیەک خۆیان نامێنن.

2- نیشانەکان لە ئافرەتی دووگیاندا
گرنگترین خاڵ ئەوەیە کە زۆربەی ئافرەتانی دووگیان کاتێک تووش دەبن، خۆیان هیچ نیشانەیەکیان نییە، بۆیە ڕەنگە نەزانن کە تووشبوون مەگەر بە پشکنینی خوێن, بەڵام مەترسییەکە بۆ سەر کۆرپەلەیە.

3- نیشانەکان لەسەر کۆرپەلە و منداڵی تازە لەدایکبوو
کاتێک مشەخۆرەکە دەگاتە کۆرپەلە، نیشانەکان دەکرێت لە کاتی دووگیانی یان دوای لەدایکبوون دەربکەون:
ـ لەبارچوونی کۆرپەلە یان لەدایکبوونی منداڵ بە مردوویی.
ـ گەورەبوونی سەری کۆرپەلە (کۆبوونەوەی شلەمەنی لە مێشکدا).
ـ بچووکبوونی سەری کۆرپەلە لە ئاستی ئاسایی.
ـ تێکچوونی تۆڕی چاو و کێشەی بینین کە ڕەنگە ببێتە هۆی کوێربوون.
ـ زەردوییەکی توند دوای لەدایکبوون.
ـ تێکچوونی کاری جگەر و سپڵ.

4- نیشانەکان لەو کەسانەی بەرگرییان لاوازە
ئەو کەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە یان بەرگری جەستەیان زۆر کەمە، نیشانەکانیان مەترسیدارترە:
ـ سەرلێشێواوی و تێکچوونی هاوسەنگی.
ـ گەشکە .
ـ هەوکردنی توندی سییەکان.
ـ لێڵبوونی بینین و ئازاری چاو.

کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت؟
ئەگەر دووگیانیت و پشیلەت هەیە، یان ئەگەر گۆشتی نەکوڵات خواردووە و هەستت بە نیشانەکانی ئەنفلۆنزا و ئاوسانی مل کرد، باشترە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەیت و پشکنینی خوێن ئەنجام بدەیت بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئایا جەستەت بەرگری دژی ئەم مشەخۆرە پەیدا کردووە یاخوود هێشتا بەرگری پەیدا نەکردووە.

سەرچاوە پشتگیرەکان :
Centers for Disease Control and Prevention (CDC) - Toxoplasmosis and Pregnancy.

Mayo Clinic - Toxoplasmosis Symptoms and Causes.

National Health Service (NHS) - Toxoplasmosis Guidelines for Pregnant Women.

American Veterinary Medical Association (AVMA) - Toxoplasmosis FAQs.